حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری: ئەمریکا و هەولێر و بەغدا، بەرپرسیارن له‌و تاوانانەی لەلایەن تورکیاوە بۆ سەر خەڵکی کوردستان بەڕێخراوە


وێستگه‌ نیوزـ

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان جه‌ختده‌كاته‌وه‌ كه‌ بۆردومان و لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خەڵکی کوردستان "جێگای سەرکۆنە و ڕیسواکردنه‌ له‌لایه‌ن ئێمە و هەر ئینسانێکی ئازادیخوازە!"

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ ئه‌مرۆ هه‌ینی ده‌ریكردوه‌، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ده‌ڵێت: " ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی زەمینی و ئاسمانی چەند ڕۆژ لەمەوبەری دەوڵەتی تورکیا  بۆ ناو قوڵایی شاری دهۆك و گوندەکان و ھاتنەناوەوەی دەیان تانك و زریپۆش و ھەزاران سەربازی سوپای تورکیا و دانانی دەیان خاڵی پشکنین و هاتوچۆ زیادکردنی بنکەی سەربازی، گۆشەیەکی تر لە سیاسەتی میلیتاریزم و فراوانخوازی ئۆردۆگان نمایش دەکات."

ئه‌و حزبه‌ تەئکید دەکاته‌وه‌ کە "تەنها بە خەباتی یەکگرتوانەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ناوچەکە، لەپێشیانەوە کرێکاران و ئازادیخوازانی کۆمەڵگه‌ی تورکیا و هێنانەمەیدانی ناڕەزایەتیەکی جەماوەری بەرفراوان بەدژی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، دەتوانرێ سنورێک بۆ تاوانەکان و دەستدرێژی و پەلامارە سەربازیەکانی دابنرێت."

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان:

بۆردومان و لەشکرکێشی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆ سەر خەڵکی کوردستان جێگای سەرکۆنە و ڕیسواکردنه‌ له‌لایه‌ن ئێمە و هەر ئینسانێکی ئازادیخوازە!

ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی زەمینی و ئاسمانی چەند ڕۆژ لەمەوبەری دەوڵەتی فاشیستی تورکیا  بۆ ناو قوڵایی شاری دهۆك و گوندەکان و ھاتنەناوەوەی دەیان تانك و زریپۆش و ھەزاران سەربازی سوپای تورکیا و دانانی دەیان خاڵی پشکنین و هاتوچۆ زیادکردنی بنکەی سەربازی، هاوکات هێرشی ئاسمانی بە درۆن و بۆردومانکردنی ناوچە سنوریەکان و ناچارکردنی خەڵکی ناوچەکە بە کۆچ کردن لەپاڵ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی و تەقاندنەوەی ئۆتۆمبیل لە شارەکانی کوردستاندا...، گۆشەیەکی تر لە سیاسەتی میلیتاریزم و فراوانخوازی حکومەتە فاشیستەکەی ئۆردۆگان نمایش دەکات. سیاسەتێک کە جگە لە  ناسەقامگیری وتێکدانی ئاسایشی خەڵکی کوردستان و داسەپاندنی فەزای عەسکەرتاریەت و نانەوەی پشێوی و نائارامی کوشتن وکاولکاری و زیادکردنی بەڵایەکی تر بۆ سەرشانی خەڵکی کوردستان شتێکی تری بەدواوە نییە. 

دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لە سێ دەهەی ڕابردووەوه‌ بەبیانووی ھەبوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستی لە هیچ تاوانێك نەپاراستوە. تائێستا چەندین گوندی وێرانکردووە و باخ و ڕەز و پاوانی سوتاندوە و دەیان  هاوڵاتی سڤیلی برینداركردووه‌ و کوشتوە، تەنانەت کەمپی ئاوارەکانی کردۆتە ئامانجی فڕۆکە جەنگیەکانی خۆی و خەڵکی بێتاوانی لە خوێن هەڵکێشاوە و بەردەوامیش ترس و دلەراوکێ کردۆتە تارماییەکی کوشندە بەسەر ژیانیانەوە. 

ئه‌م ڕێژمه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ی وەک  ڕێگایەک بۆ خۆدەربازکردن لە قەیرانە ناوخۆییەکانی خۆی و هەڵسانەوەی باری شکستەکانی و پاراستنی پێگەی ڕوولەخواری لەئاست ناوچەکەدا، بەدەستەوە گرتوە. بەڵام  ئەم لەشکرکێشی و پێ لێڕاکێشانە سەربازییەی دەوڵەتی تورکیا و ئەم هێرش و پەلامارانەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە بە بەرچاوی ئەمریکاوە، کە گوایه‌ ئەمنیەتی ناوچەکەی لەئەستۆیە و هیچ کاردانەوەیەک لەخۆی نیشان نادا، ئەوەشی کە حکومەتی عێراق و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، بێدەنگەیان هەڵبژاردووە، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە هەموو ئەم لایەنانە لەپیناو گەیشتن بە بەرژەوەندیە سیاسیە چەپەڵەکانیان، ئامادەن سەلامەتی  گیانی و ماڵی و ئەمنیەت و ئاسایشی کۆمەڵایەتی هاوڵاتیانی کوردستان، بەبارمتە بگرن و بیخەنەبەردەم مەترسییەوە. 

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەتوندی سەرکۆنەی هێرشە سەربازییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا و تاوانەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکا و هاوکات ئەمریکا و دەسەڵاتداران لە هەولێر و لە بەغدا، بەرپرسیار دەکات بەرامبەر بەو دەستدرێژی و هێرش و تاوانانەی لەلایەن تورکیاوە بۆ سەر خەڵکی کوردستان بەڕێخراوە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان تەئکید دەکات کە تەنها بە خەباتی یەکگرتوانەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ناوچەکە، لەپێشیانەوە کرێکاران و ئازادیخوازانی کۆمەڵگه‌ی تورکیا و هێنانەمەیدانی ناڕەزایەتیەکی جەماوەری بەرفراوان بەدژی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، دەتوانرێ سنورێک بۆ تاوانەکان و دەستدرێژی و پەلامارە سەربازیەکانی دابنرێ. 
 
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٥ ی جوڵای٢٠٢


PM:03:35:05/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو