هاوپه‌یمانییه‌ چه‌په‌كه‌ی فه‌ره‌نسا بناسه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا بوو به‌ براوه‌ی یه‌كه‌م


وێستگه‌ نیوز-

به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ری نوێ، هاوپه‌یمانییه‌كی پارته‌ چه‌په‌كانی فه‌ره‌نسایه، سۆشیالیسته‌كان و كۆمۆنیسته‌كان و ژینگه‌ پارێزان (پارتی سه‌وز) و پارتی فه‌ره‌نسای سه‌ربه‌رز له‌خۆده‌گرێت.

ئه‌م به‌ره‌یه‌ ئه‌و كاته‌ دروست بوو كه‌ ماكرۆن له‌ 9ی حوزه‌یرانی رابردوو، داوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی كرد.
پارته‌كانی نێو ئه‌و به‌ره‌یه‌، پێشتر ره‌خنه‌یان له‌یه‌كتر گرتووه‌، هه‌روه‌ها له‌ ئایدۆلۆژیا و په‌یڕه‌وی كاركردن ناكۆكی سه‌ره‌كییان هه‌یه‌. به‌ڵام بۆ دوورخستنه‌وه‌ی به‌ره‌ی راستڕه‌وی تووندڕه‌و له‌ گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، بڕیاریاندا ئه‌م به‌ره‌یه‌ پێكبهێنن.

به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ری نوێ، به‌ڵێنیدا ئه‌و چاكسازییانه‌ی له‌ خانه‌نشینی و كۆچبه‌ریدا كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئێستاوه‌ په‌سه‌ندكراوه‌، هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و ده‌زگایه‌كی فریاگوزاری بۆ كۆچبه‌رانی بێ به‌ڵگه‌نامه‌ دروست بكات و ئاسانكاری بۆ داواكردنی ڤیزا بكات.

هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قه‌یرانی گرانی دۆخی بژێوی ژیان و به‌رزكردنه‌وه‌ی كه‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینان، سنورێك بۆ نرخی كاڵا سه‌ره‌كییه‌كان دابنێت.

به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌مو چاوه‌ڕوانییه‌كان، ده‌رئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ده‌ریخست پارتی نیشتیمانی راستڕه‌و كه‌ پێش هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا، زۆر به‌ روونی پله‌ی یه‌كه‌می به‌سده‌ستهێنابوو، له‌ گه‌ڕی دووه‌مدا پاشه‌كشه‌ی كردووه‌ و چووه‌ته‌ پله‌ی سێیه‌م.

پێده‌چێت هه‌مو ئه‌و بانگه‌وازانه‌ی سه‌رجه‌م پارته‌كانی دیكه‌، بۆ رێگریكردن له‌ گه‌یشتنی راستڕه‌وی تووندڕه‌و به‌ ده‌سه‌ڵات رایانگه‌یاند، به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر چالاك كاریگه‌ریان هه‌بووه‌ و سه‌ركه‌وتووبوون.

هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ له‌وانه‌یه‌ جۆردان باردێلا سه‌رۆكی گردبوونه‌وه‌ی نیشتیمانی راستڕه‌و، نه‌بێت به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی فه‌ره‌نسا. به‌ڵام ئایا كێ ده‌بێت به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو، ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه‌ و جارێ دیار نییه‌.

له‌ راستیدا هیچ یه‌كێك له‌ سێ كوتله‌ گه‌وره‌كه‌، له‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی، زۆرینه‌ی ره‌های به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئاسۆوه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌یه‌ له‌ دواجاردا بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانه‌تییه‌ك، پێویسته‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك سازان بكه‌ن و به‌رنامه‌یه‌ك داڕێژن كه‌ تا ئێستا دیاری نه‌كراوه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌ جان لۆك میلانشۆن سه‌رۆكی پارتی فه‌ره‌نسای سه‌ربه‌رز رایگه‌یاند له‌سه‌ر گابرییل ئاتال سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای فه‌ره‌نسا، پێویسته‌ ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌ و وتی به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ری نوێ ئاماده‌یه‌ حوكمی فه‌ره‌نسا بكات.

كێن سه‌ركرده‌كانی به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ری نوێی چه‌پڕه‌و؟
*خاتوو مارتین توندیلیرسه‌رۆكی پارتی سه‌وز، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا وه‌ك یه‌كێك له‌ گرنگترین ده‌نگه‌كانی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌ركه‌وت.

ئه‌م خانمه‌ كاندیده‌ ته‌مه‌ن 37 ساڵه‌، پێشتر داوای كردبوو "به‌ره‌یه‌كی نیشتیمانی" دژ به‌ راستڕه‌وی توندڕه‌و پێكبهێنرێت، ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ كاندیده‌كانی به‌ره‌ی چه‌پ، له‌ گه‌ڕی دووه‌م بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و كاندیدانه‌ی دیكه‌ پاشه‌كشه‌ بكه‌ن كه‌ ئاماده‌یی باشتریان هه‌یه‌ بۆ بردنه‌وه‌ له‌ راستڕه‌وه‌ تووندڕه‌وه‌كان.

*جان لۆك میلانشۆن، سه‌رۆكی پارتی فه‌ره‌نسای سه‌ربه‌رز، ساڵی 2016 ئه‌م پارته‌ی ئێستای دامه‌زراند، ته‌مه‌نی 72 ساڵه‌، له‌ ته‌مه‌نی 35 ساڵیدا بووه‌ته‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و له‌ كایه‌ی سیاسیدا قاڵبووه‌ته‌وه‌ و ئه‌زمونێكی زۆری هه‌یه‌. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌ ساڵی 2022، له‌ دوای ماكرۆن و مارین لۆپن پله‌ی سێیه‌می به‌ده‌ستهێنا.

*ئۆلیڤییه‌ فۆر سه‌رۆكی پارتی سۆشیالیست، یه‌كه‌م كه‌سه‌ له‌ دیبه‌یته‌كانی هه‌ڵبژاردندا، به‌ ناوی به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ری نوێ لێدوانی ده‌دا. ساڵی 2012 بۆ یه‌كه‌مجار بووه‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان، له‌ ساڵی 2018وه‌ سه‌ركردایه‌تی سۆشیالیسته‌كان ده‌كات.

*فابیان رۆسێل دوای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2017، بۆ یه‌كه‌مجار بووه‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان، له‌ ساڵی 2018وه‌، سه‌ركردایه‌تی پارتی كۆمۆنیستی فه‌ره‌نسا به‌ڕێوه‌ده‌بات، له‌ باكوری فه‌ره‌نسا گه‌وره‌ بووه‌، پێش ئه‌وه‌ی بێته‌ ناو كایه‌ی سیاسی، رۆژنامه‌نووس بووه‌، له‌ كاتێكی زووه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیسته‌ گه‌نجه‌كانه‌وه‌ كردووه‌.


PM:01:31:08/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت