جێگرەوەی مەکگۆرک لە هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش دیاری كرا

‌جیمس جێفری

وێستگه‌ نیوز ـ
دوای دەستلەكاركێشانەوەی برێت ماكگۆرك، نێردەی تایبەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بە داعش، جیمس جێفری كە لە هەمان كاتدا نێردەی ئەمریكایە بۆ سوریا، لەو پۆستەدا دیاریی دەكرێت.


ماكگۆرك كە لەلایەن باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكاوە دیاریی كرابوو، لە 21ی كانوونی یەكەمی رابردوو، لەپاش بڕیارە لەناكاوەكەی ترەمپ بۆ پاشەكشەپێكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی راگەیاند.

بۆ مەبەستی دڵنیاكردنەوەی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: "خشتەیەكی كاتی نییە بۆ پاشەكشەكردنی هێزە سەربازییەكان لە سوریا، ئەمەش لەپێناو رێگرتن لە دروستبوونی كەلێن كە رەنگە لەلایەن تیرۆریستانەوە بقۆزرێتەوە".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بە دەستبەكاربوونی جێفریش كردبوو لە پۆستی نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نێردەی ئەمریكا بۆ سوریا.

رۆبەرت بالادینۆ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەو بارەیەوە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو: جێفری كاریی سەركردایەتی و رێكخستنی هەوڵەكان لەئەستۆ دەگرێت بۆ جێبەجێكردنی راگەیاندنی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا و لەو بارەیەوە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەكان دەكات، بەبێ‌ ئەوەی زیان بە ئامانجەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان بگات لە سوریا و عیراق، بە ئامانجی تێكشكاندنی هەمیشەیی داعشەوە".

هــ. ر


AM:09:07:05/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 2152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو