مەکگۆرک: بەڕوونی بە بەرپرسانی هەرێممان راگەیاندووە کاتی هەڵبژاردنەکان بابەتێکی ناوخۆییە

‌برێت مەکگۆرک

وێستگه‌ نیوز ـ
برێت مەکگۆرک نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش، ئەمڕۆ لە تویتەری فەرمی خۆی نووسیویەتی، بەڕوونی ئەوەیان بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم وتووە کە کاتی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بابەتێکی ناوخۆییە و پەیوەندی بە سەرکردەکان و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.


برێت مەکگۆرک نووسیویەتی، ''نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راستدەکات! ئێمە بەڕوونی ئەوەمان وتووە کە کاتی هەڵبژاردنەکان بابەتێکی ناوخۆییە و پەیوەندی بە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانەوە هەیە بە پشتبەستن بە بارودۆخی هەرێم و عیراق".

برێت مەکگۆرک ئەوەشی نووسیوە، ''ئەو دەنگۆیانەی کە بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە دەستوەردانی ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم ناڕاستن".

هاوکات دوێنێش مایکڵ لاڤالی، راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیارێكی رۆژنامه‌وانیدا سەبارەت بە را و بۆچوونی ئەمریکا لەسەر پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان یان دەستوەرنەدانی ئەمریکا رایگەیاند، "برێت مەکگۆرگ بەڕوونی بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی راگەیاندووە کە پرسی هەڵبژاردن و کاتەکەی پرسێکی ناوخۆییە و لەدەست بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و پەرلەماندایە".

تویتەکەی برێت مەکگۆرک لە دوای‌ ئەوە هات کە دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە گوایە برێت مەکگۆرک داوای لە لایەنەکانی‌ هەرێم کردووە هەڵبژاردنەکان دوابخەن و دواتریش هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و مەسعود بارزانی ئەوەیان رەتکردەوە و وتیان "ئەمریکا و مەکگۆرک وتوویانە هەڵبژاردن بابەتێکی‌ ناوخۆیی خۆتانە ئێمە دەستتێوەردان ناکەین".

هــ. ر


PM:09:51:08/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 3404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو