مەکگۆرک بۆ عەبادی: پێویستە کێشەکانی نێوان هەرێم و عیراق به‌ دەستوور چارەسەربکرێن

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
مەکگۆرک شەوی رابردوو گەڕایەوە بۆ عیراق و لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا بە عەبادی راگەیاندووە، پێویستە کێشەکانی نێوان هەرێم و عیراق بە دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەربکرێن.

برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش لە هەژمارەی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ بەیاوەری پۆڵ فەنک فەرماندەی هاوپەیمانی دژی داعش لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراقدا کۆبووەتەوە و باسیان لەدواین پێشهاتەکانی شەڕی دژی داعش کردووە.

ئەوەشی وتووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختیانکردووەتەوە لەسەر دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای دەستوور.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە رۆژی 14ی ئەم مانگە، لە واشنتۆن فەلاح مستەفا و برێت مەگۆرک کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمیش دەڵێت "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا بەهێزتر دەکەین".

رۆژی 25ی ئەیلولی ئەمساڵ، سەرەڕای ناڕەزاییەکان هەرێمی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا، ئەوەش وایکرد کە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا ئاڵۆزی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

هــ. ر


PM:12:16:16/11/2017






ئه‌م بابه‌ته 2036 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو