بەهۆی هێرشی هاوپەیمانانەوە شەش شەڕڤان شەهیدبوون

‌شەڕڤانان لە کاتی هێرشیان بۆ سەر داعش

وێستگه‌ نیوز ـ
میدیاکانی روسیا بڵاویانکردووەتەوە، بەهۆی بۆردومانی هەڵەی فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە لە نزیک شاری هەجینی پارێزگای دێرەزوور شەش شەڕڤان شەهیدبوون و 15ی دیکەش برینداربوون.


سەرچاوەیەکی سەربازیی- دیپلۆماتی روسیا بە ئاژانسی ریا نۆڤۆستی راگەیاندووە، رۆژی چوارشەممە ھێزە کوردییەکان بە پشتیوانی ھێزەکانی ئەمریکا ھەوڵیانداوە ھێرشێک بکەنە سەر پێگەکانی داعش لە دەوروبەری شاری ھەجین، بەڵام بەھۆی نەبوونی ھەماھەنگی لەنێوان هێزە کوردییەکان و ئەمریکایدا پرۆسەکە سەرکەوتوو نەبووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، رووداوەکە بەهۆی دوو فڕۆکەی جۆری ئێف 15ی هاوپەیمانانەوە ئەنجامدراوە، راشیگەیاندووە، "بۆردومانەکە نەک بەتەنها زیانی گیانی بە هێزە کوردییەکان گەیاند، بەڵکو وایکرد چەکدارانی داعش هێرشێ پێچەوانە ئەنجامبدات و ناوچەیەک کۆنتڕۆڵبکاتەوە".

هێزەکانی‌ سوریای‌ دیموکرات بە بەشداری‌ راستەوخۆی‌ هێزەکانی ئەمریکا دواین شەڕ لە دژی‌ داعش لە رۆژهەڵاتی‌ روباری فورات لە پارێزگای‌ دێرزور ئەنجامدەدەن.

لە ئێستادا تەنها نزیکەی‌ 90 کیلۆمەتر چوارگۆشە لەژێر کۆنترۆڵی‌ چەکدارانی‌ داعشدا ماوەتەوە و بەهۆی‌ ئەوەی‌ چەکدارەکانی‌ داعش کە لەو شوێنەدا ماونەتەوە سەرجەمیان بیانیین، شەڕ و پێکدادانەکان قورستر بوون و فڕۆکەکانی‌ هاوپەیمانان بە بەردەوامی‌ ناوچەکە بۆردومان دەکەن و لە رێگەی‌ هێلیکۆپتەریشەوە چەک و هاوکارییەکان بە بەردەوامی‌ دەگاتە ئەو ناوچەیەی‌ کە شەڕی‌ تێدایە.

هــ. ر


AM:11:01:18/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 4660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو