ئاماری کوژراو و بریندارەکانی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەزە بەرزبووەوە

‌گرژی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین زیاتر بوو

وێستگه‌ نیوز ـ
ئاماری کوژراوەکانی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەزە بۆ زیاتر لە 55 کەس بەرزبووەتەوە و بە هەزارانی تریش بریندار بوون.


ماڵپەڕی بی بی سی، بڵاویکردووەتەوە، لەگەڵ کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دەیان هەزار فەڵەستینی لە کەرتی غەزە دەستیپێکردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەوتەی بەرپرسانی فەڵەستین بەهۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا لانیکەم 55 فەڵەستینی کوژراون و دوو هه‌زار و 700 كه‌سی تریش بریندار بوون.

بی بی سی ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی فەڵەستینییەکان لە سنوری کەرتی غەزە کە نزیکەی مانگ و نیوێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە، تا ئێستا نزیکەی 100 فەڵەستینی بەدەستی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کوژراون.

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی باڵیۆزخانەی خۆی لە شاری قودس لە ئیسرائیل کردەوە و شاندێکی باڵای ئەمریکا لە نێویاندا ئیڤانکا ترەمپ کچی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و جێرید کوشنەری هاوسەری بەشدارییان لە رێوڕەسمی کردنەوەی باڵیۆزخانەکەدا کرد.

باڵیۆزخانەکەی ئەمریکا لە قودس بە شێوەیەکی کاتی لە بینای کونسوڵخانەی ئەو وڵاتەدا کرایەوە و لە قۆناغی داهاتووشدا جیادەکرێتەوە

هــ. ر


AM:09:16:15/05/2018


ئه‌م بابه‌ته 2272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو