سەنتەری راگەیاندنی عەفرین: تورکیا کلتور و مێژووی کورد لە عەفرین وێران دەکات

‌پەیکەری کاوە پێش رووخاندنی

وێستگه‌ نیوز ـ
سەنتەری راگەیاندنی عەفرین رایگەیاند، سوپای تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی پەیکەری کاوەی ئاسنگەر و کلتوری کوردیان لە شارەکە تێکداوە و ئەوەش سوکایەتییە بە مێژوو و شارستانییەتی کورد.


لە بەیاننامەیەکدا کە سەنتەری راگەیاندنی عەفرین بڵاویکردووەتەوە، تێکدانی پەیکەری کاوە کە وەک دروشمێکی کورد بۆ ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئەمساڵ سەیردەکرا، پێشێلکارییەکی رەهای کلتور و مێژووی کوردە لە شاری عەفرین لەوەتەی سوپای تورکیا چوونەتە ناو شارەکەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، سوپای تورکیا توانیویەتی بچێتە ناوەندی شاری عەفرینەوە لە باکوری سوریا.

لەلایەکی ترەوە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لەوەتەی هێرشی سوپای تورکیا و گروپە هاوکارەکانی بۆسەر عەفرین دەستیپێکردووە، هەزار و 500 شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) شەهیدبوون، بەڵام یەپەگە هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەو ژمارە لە شەهیدەکانی رانەگەیاندووە.

لە بەرامبەریشدا زیاتر لە 400 چەکداری گروپەکانی هاوکاری تورکیا و 46 سەربازی تورکیا کوژراون، بەڵام میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی سوپای تورکیا و ئەو گروپانە بە زۆر زیاتر لەو ژمارەیە لە قەڵەم دەدەن کە راگەیەندراوە.

هــ. ر


PM:08:06:18/03/2018








ئه‌م بابه‌ته 3500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو