هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر وه‌ك پارێزگاری سلێمانی ده‌ستبه‌كار بوو


وێستگه‌ نیوز ـ
ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 4ی كانوونی یه‌كه‌می 2017، هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک پارێزگاری سلێمانی دەستبەکاربوو، عومەر قەڵادزەیی کە پێشتر لە بری پارێزگاری سلێمانی کارەکانی رایی دەکرد، پۆستەکەی رادەستی پارێزگاری نوێ کرد.

لە یەکەم فەرمانی کارگێڕیدا، ئەمڕۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر نووسیویەتی "ئەمڕۆ دەستمان بە دەوامی فەرمی کرد، دوای دەستبەکاربوونمان لە پاش نیوەڕۆی دوێنی 3ی کانوونی یەکەمی 2017 وەک پارێزگاری سلێمانی".

هەڤاڵ ئەبوبەکر، لە هەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگاکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان و وەک سەرۆکی‌ لیستی‌ گۆڕان 241 هەزار دەنگی‌ هێنا، بەڵام دواتر بەهۆی‌ ئەوەی‌ گۆڕان لە کۆی‌ 32 کورسی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگا، تەنیا 12 کورسی‌ هێنا و نەیتوانی‌17 کورسی‌ کۆبکاتەوە بۆ پێکهێنانی‌ حکومەتی‌ خۆجێی‌ سلێمانی‌.

دواتریش گۆڕان و یەکێتی رێكکەوتن لەسەر ئەوەی، هەر لایەنێکیان ماوەی دوو ساڵ پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەربگرن.

دوو ساڵی‌ یەکەم ئاسۆ فەرەیدون، لەپشکی‌ یەکێتی‌ بووە پارێزگاری‌ سلێمانی‌، بەڵام لە دوو ساڵی‌ دووەمدا لەبەر ئەوەی‌ دامەزراندنی‌ پارێزگار پێویستی‌ بە ئیمزای‌ سەرۆکی‌ هەرێم هەبوو، ئەوکاتیش بارزانی‌ پۆستەکەی‌ جێگەی‌ مشتومڕی‌ نێوان لایەنەکان بوو، بۆیە گۆڕان ئامادەنەبوو بە ئیمزای بارزانیەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر ببێتە پارێزگاری‌ سلێمانی‌.

دوای دابەشكردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە، لە 29ی  تشرینی یه‌كه‌می 2017 دا، گۆڕان نوسراوێکی‌ بۆ دەستبەکاربوونی‌ (هەڤاڵ ئەبوبەکر)ی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ کرد، دوێنیش 3ی کانوونی یەکەم، فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ دەرچوو.

هــ. ر


AM:10:52:04/12/2017










ئه‌م بابه‌ته 3590 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو