دوای هۆشداری خاچی سور فلۆریدا خۆی بۆ زریانی ئیرما ئامادە دەکات

‌ئامادەكاری لەبەرامبەر زریانی ئێرما

وێستگە نیوز-

زریانی ئیرما لەناوچەکانی کاریبیدا زیانی گەورەی گەیاندو ئێستا فلۆریدا لەبەردەم ڕێگاکەیدایە، بۆیە فلۆریدا خۆی بۆ زریانەکە ئامادە دەکات و هەوڵی کەمکردنەوەی زیانەکان دەدات.

دوێنێ ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە ئێستادا ملیۆنێک و 200 هەزار کەس بەهۆی زریانی ئیرماوە کاریگەربوون و زریانەکە هەڕەشە لە 26 ملیۆن کەس دەکات.

لەگەڵ ئەوەدا سەنتەری نیشتمانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ زریان ئاگادارییەکی بۆ باشوری فلۆریدا و دورگەکانی فلۆریدا کیس Florida Keys بڵاوکردووەتەوە و چۆنیەتی خۆپاراستن لە زریانەکەی ڕوونکردووەتەوە.

هاوکات پێشبینیکراوە زریانەکە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتودا توند و بەهێز بێت و نیو ملیۆن کەس لە باشوری فلۆردیدا ئاگادارکراونەتەوە ناوچەکەیان چۆڵبکەن لەو کاتەی زریانی ئێرما لەو ناوچەیە نزیک دەبێتەوە.

حاکمی فلۆریدا، ریک سکۆت لەوبارەیەوە ڕایگەیاند "نیگەرانیم لە ئێستادا کەمی بەنزینە، هێزی پۆلیس پاسەوانی کاروانی بەنزین و گاز دەکەن لەو دەمەی بەرە و بەنزینخانەکان دەڕۆن".

وتیشی "حەوت هەزار لە ئەندامانی پاسەوانانی نیشتمانی بە فلۆریدادا بڵاوکراونەتەوە، هەروەها بە هەزاران لە کارمەند و کرێکارانی کارەبا لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ کارکردن و بەهاناچوون".

پێشبینی گەیشتنی گەردەلولی ئیرما بۆ ویلایەتی فلۆریدا، دوای ئەوە دێت کە هێشتا ئەمریکا هەناسەیەکی ئارامی نەداوە، دوای گەردەلولی هارڤی کە پلەی چوارەمی زریانەکانی هەبوو چەند ڕۆژێکە کۆتایی هاتووە.


AM:08:37:09/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 2698 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو