ئەنجومەنی ئاسایش: مووشەكەكانی كۆریای باكور هەڕەشەیە بۆ جیهان

‌كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش

وێستگە نیوز-

ئەنجومەنی ئاسایش لەراگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی ئاب بڵاویكردۆتەوە، ئیدانەی ئەو تاقیكردنەوە مووشەكییە دەكات كە لەچەند رۆژی رابردوودا، لەلایەن كۆریای باكورەوە بەسەر ئاسمانی ژاپۆندا تاقیكرایەوە، وە بەهەڕەشەیەكی مەترسیداری وەسفكردوو.

لەو بڕیارەیدا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای لە حكومەتی پیۆنگ یانگ كردووە، واز لەو سەركێشیانەی بهێنێت و سەرجەم بەرنامە ئەتۆمییەكەی نەهێڵێت.

هاوكات ئەنجومەنی ئاسایش جەختیشیكردۆتەوە، كە پێویستە كۆریای باكور پابەندی چارەسەری ئاشتیانە و دیپلۆماسیانە ببێت، هەروەها پێویستە هەموو رێوشوێنەكان بگیرێتەبەر بەمەبەستی هێوركردنەوەی بارودۆخی ناوچەی نیوەدوورگەی كۆریا.

لای خۆیەوە عەمرو ئەبو عەتا نێردەی هەمیشەیی میسر لە نەتەوەیەكگرتووەكان كە لەئێستادا وڵاتەكەی سەرۆكایەتی خولی ئەم مانگەی ئەنجومەنی ئاسایش دەكات رایگەیاند "ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئیدانەی تاقیكردنەوە مووشەكییەكانی كۆریای باكور دەكات، لەبەرئەوە بڕیاریانداوە ئەو هەڵسوكەوتانەی پیۆنگ یانگ، نەك هەڕەشەیە بۆ ناوچەكە بەڵكو هەڕەشەی مەترسیداریشە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان".

پێویستە بوترێت حكومەتی ژاپۆن لەراگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە 29ی ئاب كۆریای باكوور مووشەكێكی بەسەر ناوچەكانی باكوری ژاپۆندا هەڵداو لە ئاوەكانی دوورگەی هۆكایدۆی ئەو وڵاتە بەبێ‌ زیانی ماددی و گیانی كەوتە خوارەوە.


AM:10:08:30/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 1535 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو