شه‌وی رابردوو لە رانیە و قەڵادێزێ بەشێک لە هاوڵاتیان لە ترسی بومەلەرزە لە دەرەوە بوون

‌هاوڵاتیانی دەڤەری راپەڕین لە دەرەوەی ماڵەکانیان

وێستگه‌ نیوز ـ
شەوی ڕابردوو لە رانیە و قەڵادزە هاوڵاتیان به‌هۆی ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی بومه‌له‌رزه‌وه‌ له‌ ماڵه‌کانیان هاتنەدەرەوە و تا درەنگانێک مانەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا چەند بومەلەرزەیەک لە لە سنووری قەزای رانیە و دەوروبەری روویانداوە و نزیکەی 30 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کران.

بەرەبەیانی ئەمڕۆش بومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.6 پلە بە پلەی ڕێختەر لە ڕانیە و دەوروبەری دایەوە.

کاروان موحسین بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی راپەڕین ڕایگەیاند، دوای بوومەلەرزەکەی ئێوارەی دوێنێ، دوو جاری دیکە بوومەلەرزە لە رانیە و دەوروبەری روویدا کە نزیکەی دوو پلەی رێختەربوون و زیانی گیانی و ماددیان نەبووە.

هاوکات دوێنێ بوومەلەرزەیەک چەند ناوچەیەکی هەرێمی گرتەوە و کەشناسی هەرێم رایگەیاند: "بوومه‌له‌رزه‌کە له‌ دووری شه‌ش كیلۆمه‌تر له‌ قه‌لادزه‌وه‌ به‌قوڵایی‌ 10 كم و به‌ گوڕی‌ 5.3 پله‌ به‌ پێی‌ پێوه‌ری‌ رێخته‌ر روویداوە".

پێشتریش لە رۆژی 21ی ئەم مانگەدا بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.4 بە پێوەری رێختەر لە دەوروبەری پارێزگای هەڵەبجە بە دووری 24 کیلۆمەتر بە قوڵیی 8 کیلۆمەتر و روویدا.

هەروەها لە رۆژی 4ی تەموزی 2017 کەشناسی هەرێم رایگەیاند، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 2.9 پلە بە پێوەری ڕێختەر و لە قوڵایی 10 كیلۆمەتر نزیك (هەڵەبجە) روویدا بێ ئەوەی هیچ زیانێکی‌ هەبێت.

رۆژی 15ی ئەم مانگەش کەشناسی راپەڕین رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.8 پلەی رێختەر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین روویداوە.

بوومەلەرزە لە ئاکامی لێکترازان و بەریەککەوتنی چینەکانی ژێر زەویدا ڕوودەدات، کاتێک ئەو چینانە دەکەونە سەریەک و پەستانێکی زۆر لەسەر یەک دروست دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی شکان و لێکترازانیان و بەم هۆیەشەوە بوومەلەرزە روودەدات.

یەکێک لە بەهێزترین بوومەلەرزەکان لە مێژوودا، لە ساڵی 1960دا لە وڵاتی چیلی روویداوە، کە 9.5 پلە بووە بە پێوەری ڕێختەر، بوومەلەرزەکە بووە هۆی کوشتنی هه‌زار و 655 کەس و برینداربوونی نزیکەی سێ هەزار کەس، هەروەها نزیکەی دوو ملیۆن کەسیشی ئاوارە کرد.


AM:08:31:24/08/2017


















ئه‌م بابه‌ته 17350 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو