لە ئەمریکا خۆپیشاندانی خوێندکاران بەردەوامە

‌دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکان

وێستگه‌نیوزـ

ماڵپەڕی سکای نیوز بڵاویکردوه‌تەوە، کە خۆپیشاندانی خوێندکاران لە زانکۆ جۆربەجۆرەکانی ئەمریکادا بەردەوامە، ئەمەش لە کاتێکدا ژمارەی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە تادێت لە زیادبووندایە، کە داوای کۆتایی هێنان بەشەڕی غەززە دەکەن، لە نوێترین هەواڵەکانی ئەلعەرەبییەشدا هاتووە کە رۆژی شەممە لە سێ زانکۆدا نزیکەی 200خوێندکار دەستگیرکراون.

 
جێی باسە نزیکەی چەند رۆژێکە خۆپیشاندانی خوێندکاران لە 40 زانکۆی 25 ویلایەتی ئەمریکا بەردەوامە، بۆ ئیدانەکردنی ئەو شەڕەی کەزیاتر لە شه‌ش مانگە لەکەرتی غەززە لە فەلەستین هەڵگیرساوە و بەوهۆشیەوە ژمارەیەکی زۆر لە  خەڵکی سڤیل و منداڵ بوونەتە قوربانی.
 
لە هەواڵەکەدا هاتووە، سەرەڕای ساردی کەشوهەوا و بارانبارین، دەیان خوێندکار روویان لە بەردەم بینای زانکۆی جۆرج واشنتۆنکردووە، بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ گەلی فەلەستین، لەگەڵیشیدا خۆپیشاندەران داوایەکیان ئاڕاستەی کۆشکی سپی کردووە، کە تیایدا هاتووە، پێویستە کۆشکی سپی جەنگ لە کەرتی غەززە رابگرێت، چیتر هاوکارییە  سەربازییەکانیش بۆ ئیسرائیل نەنێرێت.

بە پێچەوانەی رووداوەکانی زانکۆی کۆڵۆمبیا، زانکۆی جۆرج واشنتۆن پەناین نەبردە بەر پۆلیسی ناوچەکە بۆ کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران و هەڵوەشاندنەوەی کەمپینەکانیان، بەڵکو هەندێک رێوشوێنی تریان گرتەبەر بۆ رێگریکردن لە درێژبوونەوەی چادرگەکانی خۆپیشاندەران بۆ ناو سنووی زانکۆکە.

بەڵام بەشی پۆلیسی زانکۆی ئیندیانا لە بلومینگتۆن لەبەیاننامەیەکیدا رایگەیاند، کە 23 خۆپیشاندەریان دەستگیرکردووە، هەربۆیە پۆلیسی ویلایەتی ئیندیانا و پۆلیسی زانکۆی ئیندیانا بە خۆپیشاندەرانیان راگەیاندووە، کە ناتوانن چادرلە ناو سنووری کەمپەکەیاندا دابنێن و لە خۆپیشاندنەکانیان بەردەوامبن، کاتێکیش چادرەکان لابراون، پۆلیس خۆپیشاندەرانی بە تۆمەتی سەرپێچی تاوانکاری و بەرەنگاربوونەوە دەستگیرکردووە.
 
پۆلیسی ویلایەتی ماساشوستسیش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە توانیویانە کەمپێکی ناڕەزایی لە زانکۆی نۆرس ئیستەرن لە بۆستن چۆڵ بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا 102 خۆپیشاندەر کە رەتیانکردووەتەوە بچنە دەرەوە، دەستگیرکراون و تۆمەتبارکراون بە سەرپێچیکردن.  
 
سەبارەت بە زانکۆی ویلایەتی ئەریزۆنا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، پۆلیسی کەمپەکە رۆژی شەممە 69 خۆپیشاندەریان لەناو زانکۆکەدا دەستگیرکردووە، هەروەها ئاماژەشی بەوەشکردووە، "هەندێک کەس کە نەخوێندکاری زانکۆکە و نە مامۆستا و کارمەندن، کەمپیان داناوە و خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە" و دوای ئەوەی رەتیانکردوه‌تەوە بڵاوەی پێبکەن دەستگیرکراون و تۆمەتبارکراون بە سەرپێچیکردنی تاوانکاری.
 
لە زۆرێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکادا لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی خۆپیشاندانەکاندا هێز بەکاردەهێنرێت، چونکە هەندێک لە بەرپرسە باڵاکان رایانگەیاند پێویستە هێز لە دژی ئەوان بەکاربهێنرێت بۆبڵاوە پێکردنیان، لە سەروشیانەوە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ دەستوەردانی ژمارەیەک لە یاسادانەر، لەگەڵیشیا ژمارەیەک لە یاسادانەرانی دیموکراتەکان پێیان وایە ئەوەی روودەدات جگە لە ئازادی رادەربڕین هیچی تر نییە و پێویستە بپارێزرێن.
 
خۆپیشاندەران جگە لە داوای ئاگربەست، داوا دەکەن زانکۆکانیان دەستبەرداری ئەو کۆمپانیایانە بن کە پەیوەندییان بەسوپای ئیسرائیلەوە هەیە، لەگەڵ دەرکردنی بڕیاری لێبوردن بۆ ئەو خوێندکار و مامۆستایانەی کە بەهۆی خۆپیشاندنەکانەوە دەستگیرکراون یاخود دەرکراون.



AM:10:35:29/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت