‌چه‌ند نیشانه‌یه‌ك ئاماژه‌یه‌ بۆ توشبوون به‌ خه‌ڵه‌فان

وێستگە ستایل-

پزیشكه‌كان به‌رده‌وام باسیان له‌وه‌ كردوه‌ خه‌ڵه‌فان زۆركات پێش وه‌خته‌ به‌ نیشانه‌ی‌ قورس و دیار ده‌ستنیشان ناكرێت، به‌ڵام دكتۆره‌ مارینی چه‌ند نیشانه‌یه‌كی خستۆته‌ ڕوو سه‌ره‌تایین و له‌سه‌ره‌تای توشبوون به‌م نه‌خۆشییه‌ بێ چاره‌سه‌ره‌ له‌سه‌ر كه‌سی توشبوو ده‌رده‌كه‌وێت باشتر وایه‌ هه‌مووان لێی به‌ ئاگابن. 

دكتۆره‌ مارینی تاناشیان، جێگری به‌ڕێوبه‌ری سه‌نته‌ری زانستی تایبه‌ت به‌ پزیشكی ده‌مار و ئه‌ندام له‌ ئه‌كادیمیای زانستی ڕوسی له‌ لێدوانێكی تایبه‌تی بۆ گۆڤاری aif.ru وتویه‌تی "له‌ڕێگای قسه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ر یان له‌گه‌ڵ نزیكه‌كه‌كانی كه‌سی توشبوو ده‌كرێت بزانیت كه‌سه‌كه‌ توشبووه‌ به‌ خه‌ڵه‌فان یان نا"

به‌گوێره‌ی‌ وته‌كانی ئه‌م پزیشكه‌ لاوازبوونی توانای یاده‌وه‌ری و ته‌ركیز دوو پێوه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ن، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر كه‌سی توشبوو نه‌توانێن خۆی وه‌سڵه‌كانی خۆی ڕێكبخات یان بچێته‌ بازاڕ و كاره‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات و پێویستی به‌ هاوكاری هه‌بێت ئه‌وانه‌ باوترین نیشانه‌كانی توشبوونن به‌ خه‌ڵه‌فان، گرفته‌كه‌ش له‌وه‌دایه‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ توشبوون هه‌تا نه‌گه‌نه‌ قۆناغێكی دره‌نگی نه‌خۆشییه‌كه‌یان سه‌ردانی پزیشك ناكه‌ن.

كاتێك كه‌سێك وایلێدێت گرنگی به‌ ئاره‌زووه‌كانی پێشووی نادات و هاوڕێ و كه‌سه‌ نزیكه‌كانی پشتگوێ ده‌خات، گرنگی به‌ پاكوخاوێنی خۆی نادات و گۆڕانكاری له‌ ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتیدا دروست ده‌بێت و زۆر زوو توڕه‌ ده‌بێت و هه‌ڵده‌چێت و یاده‌وه‌ری لاواز ده‌بێت، ئه‌مانه‌ نیشانه‌ی‌ سه‌ره‌تایی خه‌ڵه‌فانن باشتر وایه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ هه‌ستی پێده‌كات یان كاتێك هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌یت نزیكێكت ئه‌م نیشانانه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتووه‌ پێویسته‌ زوو بیبه‌یته‌ لای پزیشك بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێشوه‌خته‌ هاوكاری بكرێت هه‌تا نیشانه‌ قورسه‌كانی نه‌خۆشییه‌كه‌ دره‌نگتر ده‌ربكه‌وێت له‌سه‌ر كه‌سی توشبوو.


PM:04:49:24/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌