‌هۆكاره‌كانی هه‌ڵوه‌رینی قژ پاش منداڵبوون

وێستگە ستایل-

وەرینی قژ دوای منداڵبوون، حاڵەتێکی باو و بە شێوەیەکی گشتی کاتییە، بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاری هۆرمۆنەکان کە لە کاتی دووگیانی و دوای دووگیانی ڕوودەدەن، دکتۆرە هاژە پزیشكی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی له‌م بابه‌ته‌دا هۆكاره‌كانی ئه‌م گرفته‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

هۆکارەکان:
1-گۆڕانکاری هۆرمۆنەکان: لە کاتی دووگیانیدا بەرزبوونەوەی ئاستی ئیسترۆجین قۆناغی گەشەی قژ درێژدەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی قژ ئەستوورتر و پڕتر بێت. دوای منداڵبوون ئاستی ئیسترۆجین بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەڵوەرێت، بە شێوەیەکی گشتی لە نزیکەی سێ مانگ دوای منداڵبوون دەست پێدەکات.

2-کەمی خۆراکی: دووگیانی و شیرپێدانی منداڵ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کۆگاکانی لەش لە ماددە خۆراکییە پێویستەکان، وەک ئاسن و ڤیتامینەکان کە گرنگن بۆ گەشەکردنی قژ بەشێوەیەکی تەندروست. کەمی خۆراکی دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵوەرینی قژ دوای منداڵبوون.

3-سترێس وفشاری دەروونی لە دوای منداڵبوون: سترێسی جەستەیی و سۆزداریی منداڵبوون، دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ، فشاری درێژخایەن دەتوانێت سوڕی گەشەی قژ تێکبدات و ببێتە هۆی زیادبوونی هەڵوەرینی قژ.

4-بۆماوەیی: هۆکاری بۆماوەیی ئافرەت بۆ هەڵوەرینی قژ دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە هەڵوەرینی قژی دوای منداڵبوون. ئەگەر ژنێک پێشینەی خێزانی هەڵوەرینی قژی هەبێت زیاتر تووشی هەڵوەرینی قژی بەرچاو دەبێت دوای منداڵبوون.


PM:05:58:15/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌