‌هۆكار و نیشانه‌ و چاره‌سه‌ری ریخۆڵە تەقین

وێستگە ستایل-

نەخۆشی کونبوونی ریخۆڵەکان و گەدە، یەکێک لە نەخۆشییە کتوپڕ و مەترسیدارەکانی جەستەی مرۆڤە، بە گوێرەی شوێنی
کونبوونەکە، هەواو خواردن و ئاو و ئەنزیم و پیسایی، بە ناو سکی نەخۆشەکەدا بلاودەبێتەوە، ئەگەر نەخۆشیەکەی بە زوویی
دەستنیشان نەکرێت و چارەسەر نەکرێت، مەترسی جدی لەسەر ژیانی درووستدەبێت، دکتۆر فەرمان پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی له‌م بابه‌ته‌دا ورده‌كاری زیاتر ده‌خاته‌ ڕوو.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت"ئەو کەسانەی دوچاری نەخۆشی کونبوونی ریخۆڵە دەبن، پێشتر نەخۆشی ریخۆڵە و گەدەیان هەبووە،بە هۆی چارەسەر نەکردنی ئەو نەخۆشیەوە، گەدە یان ریخۆڵە یان زراو کون دەبێت و دەتەقێت."

نەخۆشیەکان ئەمانەن کە دەبنە هۆی کونبوون و تەقینی ریخۆڵە:
1-بریندارکردنی ریخۆڵە بە هۆی قوتدانی دەرزی و گوێزان و ئێسقانەوە.
2-خواردنەوەی مادەی زیانبەخشی وەک تێزاب.
3-قورحەی گەدە و ریخۆڵەی دوانزەگرێ .
4-بەردی زراو دەبێتە هۆی کونکردنی کیسی زراو و کونکردنی ریخۆلە یان تەقینی کیسی زراو.
5-هەوکردنی ریخۆڵەکوێرەی توند.
6-نەخۆشی ریخۆلەگیرانی چارەسەرنەکراو.
7-نەخۆشی هەوکردنی درێژخایەنی ریخۆڵەکان بە هۆی تێکچوونی بەرگری لەشەوە، وەک نەخۆشی کرۆن.
8-نەخۆشی هەوکردنی میکرۆبی ریخۆڵەکان وەک نەخۆشی سیل و نەخۆشی گرانەتا.
9-خواردنی هەندێک دەرمان بە بی ئاگاداری پزیشک پزیشک وەک دەرمانی ڤۆڵتارین و پردنیسۆلۆن.

نیشانەی نەخۆشیەکە:
1- نەخۆشەکە هەست بە ئازارێکی توند و بەردەوامی سکی دەکات.
2- حەز ناکات بجوڵێت، بە جوڵانەوە ئازارەکەی زیاتر دەبێت.
3- ئەگەر هەیە برشێتەوە.
4- ریخۆڵەکانی سست دەبن و قەبز دەبێت.
5- دڵی بە پەلە لێدەدات،فشاری خوێنی دادەبەزێت،پلەی گەرمای بەرزدەبێتەوە.

ده‌ستنیشانکردنی نەخۆشیەکە:
ئەو نیشانانەی سەرەوە لەگەڵ پشکنینی سک بە تیشک، دەریدەخات کە نەخۆشەکە ریخۆڵەی تەقیوە.
چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە:
1- دەبێت نەخۆشەکە بە زووترین کات بگەیەنرێتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی نەشتەرگەری و داخڵ بکرێت.
2- لە نەخۆشخانە بە دەمارمغەزی پێبدرێت، رێگەنەدرێت هیچ بخوات.
3- بەدەمار دەرمانی ئەنتیبایۆتیکی پێبدرێت.
4- پشکنینی خوێن و تیشکی بۆ بکرێت و ئامادە بکرێت بۆ نەشتەرگەری.
5- نەشتەرگەری کردنەوەی سکی بۆ بکرێت، کونەکە بدوردرێتەوە و ناوسکی پاک بکرێتەوە.


PM:10:54:01/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 796 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌