‌ئیکۆی دڵ چۆن ئەنجام دەدرێت؟

وێستگە ستایل-

چەند ڕێگایەکی جیاواز هەیە بۆ ئەنجامدانی ئیکۆ بەلام زۆربەی خەڵک ئیکۆ ئەنجام دەدەن لە ڕێگای سنگەوە، دكتۆر سامان پزیشكی ئیكۆی دڵ له‌م بابه‌ته‌دا چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی ئه‌م پشكنینه‌ی‌ دڵ ده‌خاته‌ ڕوو.
 
دكتۆر سامان ده‌ڵێت" ئەم پشکنینەخۆئامادەکردنی ناوێت،  تەنها ئیکۆی سورێنچک خۆئامادەکردنی دەوێت، پزیشک داوات لێدەکات کە ئەو بەشەی جلەکانت لابەریت بۆ ئەوەی نیوەی سەرەوەی سنگت دەربکەوێت پێش پاڵکەوتن لەسەر قەرەوێلە، لە نەخۆشخانە بە گشتی جلی تایبەت دەدرێت بە کەسەکە بۆ ئەوەی لەبەری بکات و  دوای ئەوەی نەخۆشەکە پاڵدەکەوێت ، چەند سێنسەرێکی بچوکی شێوە خەپلەیی کە پێ ی دەڵێن (ئەلکترۆد) دەنوسێنرێت بە سنگەوە ، ئەم سێنسەرانە بەستراونەتەوە بە ئامێری ئیکۆوە بۆ ئەوەی چاودێری ڕیتمی لێدانەکانی دڵ بکات لەکاتی پشکنینەکەدا "

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌شڵێت" له‌كاتی ئه‌نجامدانی ئیكۆ  جێڵی چەورکەری سۆنەر بەکاردێت ، جا یان راستەوخۆ دەدرێت لە سنگی چارەخوازەکە یاخود دەدرێت لە سەری سۆنەرەکە ، دواتر داوات لێدەکرێت بکەویتە سەر لای چەپ بۆ ئەوەی سەری سۆنەرەکە دابنرێت لە بەشە جیاوازەکانی سنگ و لەسەر دڵ( چواردەوری سنگ ) و دواتر وێنەکان تۆماردەکرێن و لە شاشەیەک پشان دەدرێن "

سه‌باره‌ت به‌ نه‌خۆش، گوێی لە هیچ شەپۆلیکی دەنگی نابێت کە بەهۆی سۆنەرەکەوە دروست دەبێت، بەڵام لەوانەیە هەست بە دەنگی هاشە هاش بکەیت لە کاتی سکانەکەدا ئەمەش ئاساییە و دەنگی ڕۆشتنی خوێنە بەرەو دڵ کە تۆمار دەکرێت و به‌گشتی ئەم پرۆسەیە ١٥ دەقیقە بۆ ٦٠ دەقیقە دەخایەنێت ، دوای ئەوە ئاسایی چارەخوازەکە دەچێتەوە ماڵەوە. 


AM:09:35:25/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 3780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌