‌ڕێنمای گرنگ له‌باره‌ی‌ ئه‌و په‌تای سکچوون و ڕشانەوه‌یه‌ی‌ ئێستا بڵاوبۆته‌وه‌

وێستگە ستایل-

په‌تای سکچوون و ڕشانەوه‌ و ئازاری سك، بریتییە لە هەوکردنی گەدەو ڕیخۆلەکان، زۆربەی زۆری حالەتەکان بەهۆی ڤایرۆسەوە ڕوودەدەن، ڕێژەیەکی کەمیان هۆکارەی بەکتریایەو لە هەندێ حالەتی دەگمەنیشدا دەکرێ مشەخۆرو زیندەوەرە سەرەتاییەکان (پڕۆتۆزوا) بەرپرس بن، دکتۆر شێروان پزیشکی شارەزای گشتی له‌م بابه‌ته‌دا له‌باره‌ی‌ ئه‌م په‌تایه‌ی‌ كه‌ ئێستا له‌ناو هاوڵاتیان بڵاوه‌ زانیاری زیاتر ده‌خاته‌ ڕوو.

لە چیەوە تووش دەبین ؟ بۆ لە وەرزی هاوین و گەرما زیاترە ئەو پەتایە ؟
1- زۆربەی حالەتەکان هۆکارەکەی تێکچوونی خواردن و خواردنەوەوەیە کاتێک لە شوێنێکی گەرم دادەنرێ  بەتایبەت لە ئێستادا پلەکانی گەرما زۆر بەرزن و خواردن بە ماوەیەکی کەم تێکدەچێت و پیس دەبێت ئەگەر بە شێوەیەکی دروست هەڵنەگیرێت.
2-هەندێ جۆری ئەو ڤایرۆسانە لە پلەی گەرمی بەرز چاڵاکترن و کاریگەرترن 

نیشانەکانی چین ؟
- ڕشانەوە
-سک چوون (پیساییەکە زۆر شل دەبێتەوەو نەخۆش زۆرجار وەکو ئاو پێناسەی دەکا)
-تایەکی نزم یان مام ناوەند
- بێتاقەتیەکی زۆر
- پێچ کردنی سک و سک ئێشە

چارەسەر چیە ؟
پێویستە پزیشک نەخۆشەکە ببینێت بۆ دیاریکردنی هۆکارەکەی
- گرینگترین شت بریتیە لە ڕێگریکردن لە وشک بوونەوە، ئەو ئاوەی لە سک چوون و ڕشانەوە دەچێتە دەرەوە لە لاشە پێویستە قەرەبوو بکرێتەوە (چ لە ڕێگەی دەمەوە ئەگەر ڕشانەوەکەی کەم بوو ، چ لە ڕێگەی دانانی موغەزی)
- دەکرێ پاڕاسیتامۆڵ بەکاربێت (چ لە شێوەی دەرزی یان موغەزی) بۆ کەم کردنەوەی تا و ئازار
- ڕەنگە پێویست بە بەکارهێنانی چەند چارەسەرێکی تریش بکا بۆ ڕاگرتنی ڕشانەوەو کەم کردنەوەی ئازاری سک کە لە لایەن پزیشکەوە دیاریدەکرێت.

دوو تێبینی زۆر گرینگ :
- فلاجیل (میتڕۆنایدازۆڵ) دەرمانی چارەسەری سکچوون نیە ، تەنانەت یەکێک لە کاریگەرە نەخوازراوەکانی (Side Effects) فلاجیل بریتیە لە سکچوون نەک خۆی ببێتە هۆی ڕاگرتنی سکچوون ، بۆیە بەهیچ شێوەیەک بەکاری مەهێنە بۆ چارەسەری سکچوون لەو پەتایە ، چون نەک هەر هیچ سوودێکی نیە ، بگرە زیانیشی هەیە بۆ نەخۆشەکە . چەند حالەتێکی کەم هەیە کە فلاجیل بەکاردێت بۆ نەخۆش وەکو چارەسەرێک بۆ سکچوون کە هۆکارەکەی بەکتریا بێت ، ئەویش لە لایەن پزیشکەوە دیاری دەکرێ نەک لەلایەن خۆت یان دەرمانخانەو یادیدەدەرە پزیشکیەکەی سەری کۆڵان. 
- بەکارهێنانی دەرمانەکانی دژە هەوکردن (وەکو ئەمۆکسیلین، ئەمۆکلان ،کیفلێکس، سوپراکس، ئەزیسرۆمایسین، سیفتریاکزۆن ، ...هتد) زیادەیەو هیچ سوودێکی لێنابینی بۆ ئەو پەتایەو تەنها زیانی ماددی و جەستەیی بەخۆت دەگەینی بە بەکارهێنانی . 

ئەوەی لە کۆتایی پێویستە بیڵێین ئەوەیە ئەو پەتایە جێی ترس نیە، ڕەنگە سەڕەڕای بەکارهێنانی چارەسەریش سێ تا 4 ڕۆژ بخایەنێت، تاکە شت کە زۆر پێویستە ئاگاداری بین بریتیە لە ڕێگریکردن لە وشکبوونەوە و قەرەبووکرنەوەی ئەو ئاوەی نەخۆش لە جەستەی دەردەچێت لە ڕێگەی ڕشانەوەو سکچوون بە تایبەت لە منداڵ و بەتەمەنەکان .


PM:09:40:06/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 2636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌