11 هۆكار وادهكات برژانگ سپی ببێت
وێستگە ستایل-
لای هەموان زانراوە پیربوون دەبێتە هۆی سپی بوونی مووی جەستە و لەناویشیاندا برژانگ، بەڵام سپی بوونی پێشوەختەی برژانگ نائاسایی و نەخۆشییە و چەندین هۆکاری هەیە كه دكتۆر ماکۆک پزیشکی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو لهم بابهتهدا باسیدهكات.
1- نەخۆشی بەڵەکی پێست، پەڵەی سپی لەسەر پێست دروست دەبێت و مووەکانیش سپی دەکات، هەندێک جار برژانگەکانیش دەگرێتەوە.
2- نەخۆشی مارفان: نەخۆشییەکی زگماکییە، کە دەست و قاچ بە شێوەیەکی نائاسایی درێژ دەبن و ناڕێکی لە دڵ و چاویشدا دروست دەکات.
3- هەوکردنی درێژخایەنی لێواری پێڵوی چاو.
4- هەوکردنی ڕەنگینە (ڕەشێنە)ی چاو.
5- دەردە ڕێوی: ڕووتانەوەی مووی جەستە بە شێوەی پەڵەپەڵە و سپی بوونی مووی دەوروبەری، هەندێک جار برژانگیش سپی دەکات.
6- ئاگرە و نەخۆشی ڤایرۆسی تامیسکی چاو.
7- هەندێک جار بەهۆی بەرکەوتن و تێکشانی ڕژێنی میلانینی بنکی مووەکان دروست دەبێت، لە دوای چارەسەری تیشکی بۆ نەخۆشی شێرپەنجە.
8-هەندێک جار حاڵەتێکی ئاسایی زگماکییە و جگە لە برژانگ، مووی بەشی پێشەوەی سەریش سپییە، کە پێیان دەوترێت پەرچەم سپی (white forelock).
9-بەکارهێنانی هەندێک دەرمان بۆ ماوەیەکی زۆر ئەگەری هەیە ببێتە هۆی سپی بوونی برژانگ و مووی جەستە، وەکو (کلۆرامفینیکۆڵ) کە بۆ هەوکردن بەکاردێت، وە (سیتوکزیماب) کە بۆ شێرپەنجە بەکاردێت.
10-دڵەڕاوکێ و گرفتی دەروونی درێژخایەن ئەگەری هەیە یەکێک بێت لە هۆکارەکان.
11- هەندێک جار نەخۆشی ڕژێنی دەرەقی (غودە) و شێرپەنجەی پێست (میلانۆما) ئەگەری هەیە هۆکار بن.
تێبینی:
- سپی بوونی برژانگ بۆخۆی مەترسی نیە، بەڵام دەکرێت نیشانەی پێشوەختەی نەخۆشی مەترسیدار بێت.
- چارەسەری سپی بوونی برژانگ دەکەوێتە سەر چارەسەری ئەو هۆکارەی دروستی کردووە.
- زۆرجار سپی بوون تەنها برژانگ ناگرێتەوە، بەڵکو لەگەڵیدا مووی سەر و برۆ و شوێنەکانی تری جەستەش سپی دەبن.
PM:04:22:12/05/2022
ئهم بابهته 2660
جار خوێنراوهتهوه