‌رێنمایی بۆ خەوێکی تەندروست

وێستگە ستایل-

چەند رێنماییەک هەن کە پیویستە رەچاویان بکەین بۆئەوەی خەوێکی تەندروستمان هەبێت، ئەمەش بۆ هەموومان دروستە، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی توشی بێخەوی بوون، ئەوە ئەم رێنماییانەی دكتۆر جه‌عفه‌ر پزیشكی پسپۆڕی ده‌رونی چارەسەری بێخەوییەکەی دەکەن، بەتایبەت ئەگەر بێخەوییەکەی بەهۆی قەلەقی و شەکەتی و ماندویەتی و سه‌رقاڵیه‌وە بێت. 

ئەم رێنماییانە جێبەجێبکەن هەتا بە ئارامی و ئاسانی خەوتان لێبکەوێت:

یەکەم: ژینگەی تەندروست بۆ خەوتن ئامادەبکە: ئەمەش ئەمانە دەگرێتەوە:
-ژوری نوستنەکەت با تەنها بۆ نوستن بێت نەک ئیشکردن! (ژوری خەوەکەت تەنها بۆ خەوتن و سێکس بەکاربهێنە!)
-کەشوهەوای ژورەکە لە روی گەرمی و ساردییەوە رێکخرابێت.
-ژورەکە تاریکبێت.
-سەرینێکی گونجاو دابنرێت بۆ سەر.

 دووەم: کاتی خەوت با دیاریکراوبێت:
لە یەک کاتدا بچۆرە سەر جێگە بۆ خەوتن و لە یەک کاتیشدا لەخەو هەستە. ئەمەش کاتژمێری بایۆلۆجی رێکدەخات و خەوت رێکخراودەبێت.

سێیەم: بچۆرە سەر جێگەی نوستن ئەوکاتەی کە ماندویت بۆ خەوتن:
واتە کاتێک کە دەزانیت خەوت دێت ئەوکاتە بچۆرە ژوری نوستن و بخەوە.

چوارەم : ماددەی کافاین کەمبکەرەوە:
ئەو مادەیە هاندەری مێشکە و مرۆڤ توشی بێخەوی دەکات. لەبەرئەوە باشترە چەند سەعاتێک پێشخەوتن ئەو ماددانەی کافایینیان تیایە نەخورێتەوە، ئەو خواردنەووانەش وەکو: چا، قاوە، خواردنەوە گازییەکان.

 پێنجەم: پێشخەوتن خۆت خاڵیبکەرەوە. 
بۆ ئەمەش ئەم رێگایانە بەسودن:
-خۆتخاوبکەرەوە: بە ئەنجامدانی میکانیزمەکانی خۆخاوکردنەوەبێت یان گوێگرتن لە میوزیکێکی نەرم یان قورئانی پیرۆز بۆ ئەوکەسانەی باوەردارن.

-کارەکانت تەواوبکە ئینجا بخەوە: ئیشەکانت کە پێویستە ئەنجامیان بدەیت و دەزانیت خەیاڵت دەبات تەواوبکە هیچی مەهێڵەرەوە. هەروەها کارە رۆتینییەکان بەجێمەهێڵە بۆ کاتێکی تر بەڵکو پیش خەوتن هەمویان ئەنجامبدە.

-دەربارەی چی قەلەقیت بیاننوسە: هەر دلەرواکێ و قەلەقییەکەت هەیە پێش خەوەکەت بیاننوسە و مەیانهێنە ناوجێگای نوستنتەوە. بە تایبەت ئەوشتانەی دەتەوێت بەیانی بیانکەیت و دەزانیت لە کاتی خەوتنتدا توشی خەوزرانت دەکەن.

- پێویستە کاتێک دەخەویت نە برسیت بێت نە زۆر تێربیت، لەبەرئەوە باشترە سێ سەعات پێش نوستن نانی ئێوارە بخۆیت.
-وەرزش بکە: بەڵام لە کاتی پێشخەوتن نا بەڵکو چەند سەعاتێک پێش کاتی خەوتنت یان لە رۆژدا ئەنجامی بدە.


PM:05:13:14/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 2368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌