ئەمشەو شەوی بەراتە
، بەرات لە چیەوە هاتووە؟
وێستگە ستایل-
ئەمشەو، كە دەكاتە شەوی چوار شەممە لە سەر پێنج شەممە بەرواری 5/10ی ئایارە شەوی بەرات-ە و منداڵان بە ماڵاندا دەگەڕێن و چكلێت و شیرینی بە سەریاندا دابەش دەكرێت.
هەموو ساڵێكیش منداڵان لە شەوی ١٥ شەعبان-دا، كە شەوی بەرات-ە ماڵان دەگەڕێن و نقوڵ و شیرینی دەبەخشرێتەوە بەسەریاندا.
هەندێك وا لێكیانداوەتەوە، كە وشەی بەرات لە (براءة)ی عەرەبییەوە هاتووە، كە مەبەست لێی بێتاوانبونی حەزرەتی عائیشە، خێزانی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) بووە لەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵی.
بەڵام مامۆستا فاتیح شارستێنی ؛وتاربێژی مزگەوتی پیرەمەگرون؛ لە وتارێكدا، كە بەرواری وتارەكەی بۆ ساڵی 2011 دەگەڕێتەوە، ڕایگەیاندووە: "شەوی موبارەك، كە لە قورئاندا هاتووە، زۆربەی زانیان پێیان وایە بریتیە لە شەوی (قەدر)، بەڵام هەندێك لە زانایانیش، كە ژمارەیان كەمە پێیان وایە ئەو شەوە موبارەكە بریتیە لە شەوی بەرات، كە دەكاتە 15ی شەعبان".
وتیشی: "شتی وا نیە لە ئاینی ئیسلامدا، كە خەڵك لە ئێوارەی بەراتدا چێشت لێ بنێن و قورئان بخوێنن".
مامۆستا فاتیح ئاشكراشی كرد: "حەدیسێكی پێغەمبەرمان محەمەد (د.خ) لێبێت دەربارەی شەوی بەرات هەیە، كە دەفەرموێ (لە شەوی 15ی شەعباندا خوای گەورە بە چاوی ڕەحمەت سەیری خەڵكی سەر زەوی دەكات و بەرەكەتی خۆی دەڕێژی بە سەر خەڵكی سەر زەویدا)، چونكە بەرەو پێشوازی مانگی ڕەمەزان دەڕۆین".
وتیشی: "باو و باپیرانی ئێمە ئەم ڕەحمەت و بەرەكەتەی خوای گەورەیان قۆستۆتەوە و وتویانە با ئێوارەكەی بكەینە جەژن و خۆشی و خواردنی خۆش بخۆین و شیرینی و نقوڵ دابەش بكەین و تەبایی نێوانمان زیاتر بكەین، كە ئەمەش بووە بەم شەوی بەراتەی ئێستا".
شەوی بەرات بە زۆری لە سلێمانی یادی دەكرێتەوە و لە یادەوەری خەڵكی سلێمانیدا یادێكی پیرۆزە، شاعیران و هونەرمەندان و مامۆستایانی ئایینی ئەم یادەیان بەرز ڕاگرتووە.
شاعیری گەورەی كورد (مەدهۆش) لە بارەی بەراتەوە هۆنراوی نووسیوە:
ئەم شەو شەوی بەراتە شەوی خۆشی و خەڵاتە
وا مناڵان ئەگەڕێن دەس بە دەرگاوە ئەنێن
وتاری مامۆستا فاتیح شارستێنی سەبارەت بە شەوی بەرات:
PM:02:03:10/05/2017
ئهم بابهته 66942
جار خوێنراوهتهوه