‌ئاماژەیەکی مێشک ڕەنگە هۆکاری چەندین نیشانەی شیزۆفرینیا ڕوونبکاتەوە

وێستگە ستایل-

ئاماژەیەکی مێشک ڕەنگە هۆکاری چەندین نیشانەی شیزۆفرینیا ڕوونبکاتەوە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


توێژەران لە زانکۆی مەکگیل بە هاوکاریی چەند دامەزراوەیەکی تر، شێوازێکی نائاسایی چالاکیی مێشکیان دۆزیوەتەوە کە ڕەنگە چەندین نیشانەی جیاوازی نەخۆشیی شیزۆفرینیا بەیەکەوە ببەستێتەوە.


توێژینەوەکە لەسەر ٥٠ بەشداربوو ئەنجامدراوە بۆ شیکردنەوەی ئەو کێشانەی کە نەخۆشانی شیزۆفرینیا لە بواری پرۆسەکردنی زانیارییە هەستییەکان و ڕێکخستنی ئاخاوتندا تووشی دەبن.


دەرەنجامەکان دەریانخستووە کە لاوازبوون و خاوبوونەوەی چالاکیی شەپۆلەکانی بێتا لە مێشکدا، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە دروستبوونی ئاستەنگ لە درککردنی هەستەکان و دەرکەوتنی نیشانە کلینیکییە توندەکانی نەخۆشییەکەوە هەیە.


شیزۆفرینیا نەخۆشییەکی ئاڵۆزی دەماری و دەروونییە، کە بەردەوام پزیشکان لە هەوڵی دۆزینەوەی میکانیزمی هاوبەشی بایۆلۆجیدا بوون تا پەیوەندی نێوان نیشانە جۆراوجۆرەکانی ڕوونبکەنەوە.


زانایان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دۆزینەوەیە دەتوانێت لە داهاتوودا هاوکار بێت بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختە و چارەسەری وردتر، بەڵام جەخت دەکەنەوە کە لێکۆڵینەوەی گەورەتر پێویستە پێش ئەوەی بتوانرێت ئەم ئەنجامانە لە بواری پزیشکیی کلینیکیدا بەکاربهێنرێن.


ساینس دەیلی — توێژینەوەیەک لە زانکۆی مەکگیل و دامەزراوە هاوبەشەکان، ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦.


PM:11:51:29/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل