‌دەرمانێکی نەخۆشی فێ ئەگەری چاککردنەوەی کڕکڕاگەی تێکچوو نیشان دەدات

وێستگە ستایل-

دەرمانێکی نەخۆشی فێ ئەگەری چاککردنەوەی کڕکڕاگەی تێکچوو نیشان دەدات


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


توێژەرانی زانکۆی یەیڵ بۆیان دەرکەوتووە کە دەرمانی ناسراوی نەخۆشی فێ "لاکۆساماید" ڕەنگە سوودی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی داخورانی جومگەکان (سەوەفان)، لە تاقیکردنەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە دەرمانەکە جگە لە کەمکردنەوەی ئازار کار لەسەر پرۆسەی تێکچوونی کڕکڕاگەکانیش دەکات.


توێژەران سەرنجیان خستە سەر کەناڵی سۆدیۆمی Nav1.7 کە پێشتر تەنها بە ئازار و دەمارەکانەوە دەبەسترایەوە، دەرکەوت هەمان ئەم کەناڵە لە خانەکانی کڕکڕاگەکانیشدا چالاکە و کاتێک چالاکییەکەی تێکدەچێت، دەبێتە هۆی لەناوچوونی جومگەکان.


تاقیکردنەوەکان دەریانخست لاکۆساماید هانی دروستبوونەوەی کڕکڕاگە دەدات و لە هەمان کاتدا پرۆسەی تێکچوونی کەم دەکاتەوە، هەروەها زانایان جێڵێکی تایبەتیان دروستکردووە کە دەکرێت ڕاستەوخۆ لەناو جومگەکەدا دەرمانەکە بە هێواشی بەربدات لەبری ئەوەی نەخۆش ڕۆژانە حەب بخوات.


لە تاقیکردنەوە کلینیکییە بەراییەکاندا، لێدانی دەرزی لەم جێڵە لە هەر چوار هەفتەیەکدا جارێک کاریگەرتر بووە لە حەبی ڕۆژانە بۆ ڕێگریکردن لە داخورانی کڕکڕاگە، بەهۆی ئەوەی دەرمانەکە پەسەندکراوە، لێکۆڵینەوە لەسەری ئاسانتر دەبێت بەراورد بە بەرهەمهێنانی دەرمانێکی نوێ.


ئەم ئەنجامانە هێشتا لە قۆناغی تاقیکردنەوەدان و نەسەلمێنراوە کە بە تەواوی سەوەفان لە مرۆڤدا چاکدەکاتەوە، بۆیە پێویستی بە تاقیکردنەوەی کلینیکی زیاتر هەیە تاوەکو سەلامەتی و ژەمی گونجاوی بۆ نەخۆش دیاری بکرێت.


کۆلێژی پزیشکی زانکۆی یەیڵ؛ بایۆئەکتیڤ ماتیریەڵز.


PM:11:29:08/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل