‌لە هەولێر ٣٠ تووشبووی سوورێژە تۆمارکران و نەبوونی بودجەش ئاستەنگ بۆ تیمەکانی کوتان دروست دەکات

وێستگە ستایل-

لە هەولێر ٣٠ تووشبووی سوورێژە تۆمارکران و نەبوونی بودجەش ئاستەنگ بۆ تیمەکانی کوتان دروست دەکات


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر ئاشکرای دەکات، لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ ڕۆژدا ٣٠ کەس تووشی نەخۆشی سوورێژە بوون و مەترسی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە لە ئارادایە.


بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئەو حاڵەتانە لە نێوان ١٥ی ٧ تاوەکو ١ی ٨ تۆمارکراون. ئێستاش تیمەکانی تەندروستی سەرقاڵی بەدواداچوون و پشکنینی وردن بۆ ئەو کەسانەی لە نزیکەوە لەگەڵ تووشبووەکاندا بوون، بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری نەخۆشییەکە.


د. بێریڤان عەدنان، بەرپرس لە تەندروستیی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای هەوڵەکانیان بەڵام کێشەی دارایی بووەتە ڕێگر و بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست، تیمەکانی کوتان ناتوانن وەک پێویست هەڵمەتەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە و کوتانی هاووڵاتییان ئەنجام بدەن.


نەخۆشی سوورێژە بە یەکێک لە نەخۆشییە ڤایرۆسییە گوازراوە خێراکان دادەنرێت کە زیاتر لە نێو منداڵان و ئەو کەسانەی نەکوتراون بڵاودەبێتەوە، ساڵانە لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکان ئەگەری سەرهەڵدانەوەی زیاد دەکات و پێویستی بە چاودێری ورد و هەڵمەتی کوتانی بەردەوام هەیە.


لە ئێستادا چاوەکان لەسەر دابینکردنی بودجەی بەپەلەیە بۆ کەرتی تەندروستی، تاوەکو تیمەکانی کوتان بتوانن بەبێ ئاستەنگ کارەکانیان ئەنجام بدەن و ڕێگری لە کارەساتی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی فراوانتری سوورێژە لە سنووری پارێزگای هەولێر بگرن.


خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر


PM:05:55:15/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل