ئیلۆن مەسک وەرچەرخانێکی گەورە لە جیهانی پزیشکیدا دەخوڵقێنێت؛ بینایی بۆ نابیناکان دەگەڕێتەوە
وێستگە ستایل-
ئیلۆن مەسک وەرچەرخانێکی گەورە لە جیهانی پزیشکیدا دەخوڵقێنێت؛ بینایی بۆ نابیناکان دەگەڕێتەوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی و خاوەنی کۆمپانیای نیورالینک، موژدەیەکی مێژوویی بە جیهان دەدات و رایدەگەیەنێت کە لە ماوەی شەش بۆ 12 مانگی داهاتوودا، یەکەمین تاقیکردنەوەی چاندنی چیپ بۆ گەڕاندنەوەی بینایی بۆ کەسانی نابینا ئەنجام دەدەن، ئەمەش ئومێدێکی گەورە لای ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری جیهان دروست دەکات.
ئەم داهێنانە نوێیەی کۆمپانیای نیورالینک بە ناوی "بڵایندسایت" ناسراوە و لەلایەن دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا (FDA) ناونیشانی "ئامێری پێشەنگ"ی پێدراوە. مەسک جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم تەکنەلۆژیایە دەبێتە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ئەو کەسانەی لە بینین بێبەشن، هەرچەندە پڕۆژەکە هێشتا لە قۆناغی پەرەپێداندایە و بە فەرمی بۆ بەکارهێنانی گشتی رێگەی پێنەدراوە.
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە، مەسک روونی دەکاتەوە کە سیستەمەکە بە ناردنی سیگناڵ بە شێوەیەکی راستەوخۆ بۆ توێژاڵی بینایی مێشک کار دەکات، بەمەش رێڕەوی سرووشتیی چاو و دەماری بینایی تێدەپەڕێنێت. پێشبینی دەکرێت لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا کەسی نابینا بە کواڵیتییەکی نزم بینایی بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام لە داهاتوودا پەرەی زیاتری پێدەدرێت و کوالیتی بینینەکە زۆر بەرز دەبێتەوە.
ئامانجی سەرەکی کۆمپانیای نیورالینک تەنیا گەڕاندنەوەی بینایی نییە، بەڵکو دەیانەوێت لەڕێگەی ئەم چیپە بچووکە ئەلیکترۆنییانەوە کە بە ژیریی دەستکرد بەرنامەڕێژ کراون، توانای جووڵە بۆ کەسانی ئیفلیجبوو بگەڕێننەوە. ئەم چیپانە دەتوانن ئاماژە و سیگناڵەکانی مێشک چالاک بکەن و بە خێرایی بۆ بەشەکانی دیکەی جەستە وەک دەست و قاچەکان دەیانگوازنەوە، تاوەکو مێشک بتوانێت دووبارە کۆنتڕۆڵی ئەو بەشانە بکاتەوە کە لەکارکەوتوون.
یەکێکی دیکە لە لایەنە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە چیپەکە توانای کۆنتڕۆڵکردنی سیگناڵەکانی مێشکی دەبێت؛ بە جۆرێک هەر بیرکردنەوەیەک لە مێشکدا هەبێت، راستەوخۆ لەلایەن چیپەکەوە وەردەگیرێت و دەزانرێت کەسەکە بیر لە چی دەکاتەوە بێ ئەوەی هیچ جووڵەیەک بکات، ئەمەش وەک هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانە لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ئامێرەکان تەماشا دەکرێت.
سەرچاوە: نیورالینک - ئاژانسە هەواڵییەکان
PM:10:25:04/08/2026
ئهم بابهته 84
جار خوێنراوهتهوه