جیاوازی نێوان بەردی گورچیلە و بەردی میزەڵدان
وێستگە ستایل-
بەردی گورچیلە و بەردی میزڵدان بەردی کۆئەندامی میز و میزەڕۆن، بەڵام لە شوێن و هۆکار و نیشانەکان جیاوازن.
- هۆکارەکان:
1- زۆرجار بەردی گورچیلە لە ئەنجامی ووشکبوونەوەی جەستە، ئاستی بەرزی کالیسیۆم یان ترشی یوریک لە میزدا، یان کێشەی گۆڕانکاری خۆراک دروست دەبێت، هەروەها دەتوانن بۆماوەیی بن.
2- بەزۆری بەردی میزڵدان کاتێک میز بە تەواوی لە میزڵدان بەتاڵ نابێتەوە دروست دەبێت، ئەمەش دەتوانێت بەهۆی گەورەبوونی پرۆستات، گرژبوونی میزڵدان، هەوکردنی درێژخایەن یان بوونی سۆندەی میز یان تەنێکی نامۆ لە میزڵداندا ڕووبدات.
- نیشانەکان:
1- ئازاری بەردی گورچیلە بە شێوەیەکی گشتی توندە، لە یەک لای پشت دەست پێدەکات و دەتوانێت بەرەو خوارەوەی سک یان بڕبڕەی پشت بڕوات کاتێک بەردەکە دەڕواتە خوارەوە بۆ میزڵدان، لەوانەیە هێڵنجدان و ڕشانەوە لەگەڵدا بێت.
2- ئازاری بەردی میزڵدان بە جۆرێکە دەبێتە هۆی ئازار یان ناڕەحەتی لە بەشی خوارەوەی سک یان ناوچەی سەرەوەی کۆئەندامی زاوزێ، هەروەها ئازارەکە لە کۆتایی میزکردن خراپتر دەبێت و زۆرجار دوای میزکردنەکە کەم دەبێتەوە، لەوانەیە نەخۆشەکان هەست بە زوو زوو میزکردن، سووتانەوە لە کاتی میزکردن بکەن، هەندێک جار، ڕەنگە بەردی بچووک لەگەڵ میزدا بێنە دەرەوە، هەروەها هەندێک جار دەبێتە هۆی گیرانی میز.
- گۆڕانی ڕەنگی میز:
هەردوو جۆری بەردەکە دەتوانن ببنە هۆی بینینی خوێن لە میزدا، بەڵام لەگەڵ بەردی میزڵدان، زۆرجار خوێنبەربوونەکە لە کۆتایی میزکردندا دەردەکەوێت، لەگەڵ بەردی گورچیلەدا، لەوانەیە خوێنەکە بە درێژایی میزکردن دەربکەوێت.
PM:01:09:18/11/2025
ئهم بابهته 632
جار خوێنراوهتهوه