‌كام جۆری ڕێگریکردن لە دووگیانی باشترینە

وێستگە ستایل-

باشترین جۆری ڕێگریکردن لە دووگیانی بۆ هەموو خانمێک وەک یەک نییە، بەڵکوو پەیوەستە بە دۆخی تەندروستی و تەمەن و مێژووی پزیشکی و شێوازی ژیان و ئایا پلانت هەیە لە داهاتوودا منداڵت هەبێت یان نا، لەم باسەدا دکتۆرە سومەیا عەتا پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون باس لە باشترین جۆری ئەو ڕێگایانە دەکات.

1- ڕێگاکانی نا هۆڕمۆنی بریتین لە :
- لەولەبی ناو منداڵدان: ڕێگری دەکات لە پیتاندنی هێلکە وە تا ١٠ ساڵ کاریگەرە بە ڕێژەی زیاتر لە 99%، هیچ هۆرمۆنێکی تێدا نییە، هەربۆیە باشە بۆ ئەو خانمانەی کە ناتوانن یان پێیان باشە ڕێگری لە دووگیانی هۆرمۆنی بەکارنەهێنن، دوای لابردنی توانای دووگیانی بە خێرایی دەگەڕێتەوە، بەڵام دەکرێت سوڕی مانگانەی زیاتر یان ئازار لە چەند مانگی یەکەمدا پەیدابکات.

- شێوازەکانی بەربەست (کۆندۆم): ڕێگری دەکەن لە گەیشتنی سپێرم بۆ هێلکە، هۆرمۆنی تێدا نییە وە کۆندۆم خانمان لە نەخۆشییە سێکسییە گواستراوەکان دەپارێزێت، بەڵام کەمتر کاریگەرە لە چاو لەولەب یان شێوازە هۆرمۆنییەکان؛ دەبێت هەموو جارێک بە دروستی بەکاربهێنرێت.

- مەنعی سروشتی: هیچ هۆرمۆن و ئامێرێکی تێدا نییە، ئەگەر بە توندی پەیڕەو نەکرێت ئەگەری دووگیانی زیاترە.

2- شێوازە هۆرمۆنەکان وەک: 
- حەبی تێکەڵاو (ئیسترۆجین + پرۆجسترۆن): هێلکە دابەزین دەوەستێنێت و دەردراوی ملی ڕەحم ئەستوور دەکات، سوڕی مانگانە ڕێکدەخات، بە جۆرێک ئازاری سووڕی مانگانە و زیپکە کەم دەکاتەوە، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی هێلکەدان و ناوپۆشی منداڵدان کەمدەکاتەوە، بەڵام پێویستە بزانرێت کە مەترسییەکی کەمی خوێن مەین (بەتایبەت لە تەمەنی سەروو 35 ساڵ)، گۆڕانی باری دەروونی و هێڵنجدان لە دیارترین کاریگەرییە لاوەکییەکانێتی، هەربۆیە ئەم ڕێگایە باشترینە بۆ ئەو خانمانەی کە تەندروستن، جگەرە ناکێشن وە لە خوار تەمەنی 35 ساڵەوەن کە دەیانەوێت سوڕی مانگانەیان ڕێکبێت.

- ڕێگاکانی تەنها پرۆجسترۆن: ئەستوورکردنی دەردراوی ملی ڕەحم و/یان وەستاندنی هێلکە دابەزین، سەلامەتە بۆ ئەو خانمانەی کە ناتوانن ئیسترۆجین وەربگرن (بۆ نموونە، شیرپێدان، مێژووی خوێن مەین، شەقیقە).

- لەولەبی هۆرمۆنی (وەک میرێنا) سوڕی مانگانە کەمتر دەکەن یان دەیوەستێنن.

- باشترین بە گشتی بۆ تەندروستی ئافرەتان: ئەگەر سەیری سەلامەتی و کاریگەری و سوودە درێژخایەنەکانی بکەین، زۆربەی پزیشکانی ئافرەتان پێشنیاری ئەوە دەکەن:
1- مەنعی سروشتی زۆر سەلامەتە بەڵام ڕەنگە کاریگەری وەک مەنع کەمتر بێت.
2- لەولەبی هۆرمۆنی (بۆ نموونە، میرینا)  زۆر کاریگەرە.
3- لەولەبی مس باشترین بژاردەی بێ هۆرمۆنە بەڵام چەند کاریگەرییەکی لاوەکی هەیە.


PM:03:53:16/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌