‌هه‌نگاوه‌كانی خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمک

وێستگە ستایل-

شێرپەنجەی مەمك یەكێكە لەو نەخۆشییانەی كە دوچاری ئافرەتان دەبێتەوە، هەرێمی كوردستانیش بەدەر نییە لە نەخۆشییەكە و بەشێكی ئافرەتانیش دوچاریبوونەتەوە. 

بە گوێرەی گوتەی پزیشكانی پسپۆر، بەهۆی پێشكنینی خودی و پێشگیری لێی دەتواندرێت لە95%ـی ژیانی ئافرەتان لە شێرپەنجەی مەمك بپارێزێت و مەرجیش نییە هەموو گرێیەكك لەمەمك شێرپەنجەبێت، دکتۆرە دیمەن پسپۆڕیی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتر ده‌خاته‌ ڕوو.

شێرپەنجە چییە؟
شێرپەنجە بریتیە لە زیادبوونێك و دابەشبوونێكی نائاسایی لە ئۆرگانەكانی لەش، پاشان هێرش دەكاتە سەر خانەكانی تری نزیك لەخۆی و وادەكات ئەوخانانە فەرمانەكانی خۆی جێبەجێنەكات، هەندێ جار بەوەشەوە ناوەستن و بەردەوام لە بڵاوبوونەوەدان، هاوكات لە ڕێگەی خوێنەوە بڵاو دەبێتەوە بۆ هەموو بەشەكانی تری لەش، مەرج نییە هەموو گرێیەك ببێتە شێرپەنجە، هەربۆیە هەرگرێیەك جیاوازی خۆی هەیە.

هۆكارەكانی توشبوون:
تەنها یەك هۆكار نییە بۆ توشبوون، هەر بۆیە چەندین هۆكاری جیاواز هەن، بەڵام لە هەمویان دیار تر بۆماوەیی لە خێزان، وە لە هەندێك لە نەخۆشان قەڵەوی و كەمجوڵەیی و خواردنی جگەرە و خواردنەوە كحولییەكان، هەروەها خواردنی حەبی دژە سكپڕی بێ راوێژی پزیشکی پسپۆڕ، هاوكات ئەو ئافرەتانەی كە شیری خۆیان نادەن بە منداڵەكانیان ئەگەری توشبوونیان زیاترە.

پشكنینی خودی:
باشتروایە ئافرەتان لە تەمەنی 20 ساڵی بەسەرەوە پشكنین بۆ خۆیان ئەنجامبدەن، ئەوەش كردارێكی زۆر ئاسانە، هەڵسەنگاندن بۆ مەمكەكانی بكات، بە جوانی سەیر بكات و بزانێت هیچ گۆڕانكارییەك لە قەبارە و ڕەنگی پێیسی ڕوی داوە یانیش نا، باشتروایە بە پەنجەكانی بە شێوەیەكی بازنەیی مەمك و بن هەنگڵەكانی بپشكنێت، و بزانێت هەست بەهیچ گرێییەك دەكات، وە لەكاتیبوونی هەر شتێكی نامۆ باشتر وایە بەخێرایی سەردانی پزیشك بكات.

 نیشانەكانی شێرپەنجەی مەمك:
1- بونی گرێ لە مەمک کە زۆر جار ئازاری لەگەڵدا نییە.
2- دەردانی شلەیەک لە مەمک سەوز، زەرد، سور.
3-بونی گرێ لە بنباڵ.
4- هەڵئاوسانی قۆڵ، دابەزاندنی کێش.
5- گۆڕینی شێوەی گۆی مەمک.

خۆپاراستن:
ئافرەتان بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمك دەتوانن پشكنینی مانگانە ئەنجامبدەن و هەروەها لە دوای تەمەنی 40 ساڵی واباشترە هەر دوو ساڵ جارێك سەردانی بنكەی تایبەت بە پشكنینی مەمك بكەن، هەروەها شیردانی سروشتی بە كۆرپەكانیان، شووكردن لەكاتی خۆیدا، كەمخواردنی شیرنەمەنییەكان، چونكە شیرینییەكان دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەرگری جەستە، هەركاتێكیش بەرگری كەمبوونەوە مرۆڤەكان ئاسان دوچاری نەخۆشی دەبن، جگە لەوانەش بۆ ئافرەتان پێویستە دوربكەونەوە لەو دەرمانانەی كە هۆرمۆناتیان تێدایە، دەبێت بە ڕاوێژكردن لە گەڵ پزیشكی تایبەت ئەو دەرمانانە بەكار بهێنن و، وەرزشكردن بۆ ماوەی 30 خولەك و هەفتەی پێنج جار ئەنجامی بدەن ئەوانە كۆمەڵە هۆكارێكی باش دەبن بۆ دوچار نەبوون بە شێرپەنجەی مەمك.
1-پشکنینی مانگانە 
2- لە دوای تەمەنی 40 ساڵ 2 ساڵ جارێک سەردانی پزیشکی تایبەت بکات.
3- شیردانی سروشتی.
4- کەم خواردنی شیرینی و نەکێشانی جگەرە و نەخواردنی مادە کحولییەکان.
5- دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی ئەو ماددانەی کە هۆڕمۆنیان تێدایە بەبێ ڕاوێژکاریی پزیشک.
6-وەرزشکردن.


PM:12:17:23/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌