‌هه‌نگاوه‌كانی خۆپاراستن له‌ نەخۆشی شەکرە

وێستگە ستایل-

یەکێک لە هەنگاوەکانی چارەسەری شەکرە. جگە لە چارەسەری دەرمانی و وەرزشکردن، بریتیە لە خۆپارێزی، دكتۆر داهات پزیشكی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناوی له‌م بابه‌ته‌دا گرنگترین هه‌نگاوه‌كانی خۆپاراستن له‌ نەخۆشی شەکرە باسده‌كات:

1ـ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە نابێ ئەو جۆرە  خواردنانە زۆر بخۆن کە کاربۆهیدراتی زۆر تێدایە وەکو شیرینی دروستکراو، پاقلاوە، بیبسی، ئایس کریم، گەنمەشامی، پەتاتەی سورەوەکراو.

2- وا باشە هەفتەی ۳ ژەم زیاتر برنج نەخۆن، کە خواردیشیان یەک کەوگیر زیاتر نەبێ و نابێ نانی پێوە بخۆن. لەجیاتی برنج دەتوانن ساوەر، قەرەخەرمان، شۆربا یان گۆشتی کەم چەوری بخۆن.

3- نانی تیری تەنک و برژاو باشترین هەڵبژاردەیە بۆ نانی بەیانی و ئێوارە، دەتوانرێ بە ماست و پەنیر و گوێزەوە بخورێت، نانی جۆ باشترە لە نانی گەنم، کولێرە و سەمون هەویری زۆر تیایە و شەکرە بەرز دەکەنەوە، سەرتوێژی ماست و قەیماغ و کەرە خراپە بۆ شەکرە.

4- لە میوەکان هەنجیر و ترێ و کاڵەک و شووتی  و مۆز شەکرە زۆر بەرز دەکەنەوە و پێویستە لێی دوورکەونەوە، میوەکانی تری وەکو سێو و هەرمێ و قۆخ و گێلاس و شیلک و هەنار دەتوانرێ بخورێ بەڵام زیادەرۆیی تیا نەکرێ و وا باشە جۆرە میوەیەک بخورێ کە زۆر نەگەییبێ و کەمێک ڕەق بێت.

-میوە ووشکراوەکان و مێووژ و کشمیش شەکرەکەیان زۆر خەست و خراپە و لەپڕ شەکرە بەرز دەکەنەوە.
-سەوزەکان بەسوودن بۆ نەخۆشی شەکرە بۆ کۆنترۆڵکردنی شەکرە و دابەزاندنی چەوری ناو خوێن.
-وا باشە چا و قاوە و نیسکافە بە تاڵی بخورێن یان حەبی تایبەت بە چا بەکاربهێنرێ.

5-لەبەر ئەوەی شەکرەی زیادە لەخوێندا دەگۆردرێ بۆ چەوری و نەخۆشانی شەکرەش زۆریان کێشی لەشیان زۆرە، وا پێویستە ئەم نەخۆشانە شتی چەور و سورەکراو زۆر نەخۆن. هەموو جۆرەکانی چەرەزات باشن ،جگە لە گوڵەبەڕۆژە کە چەوری خراپ زیاددەکات لە خوێندا.

6- وا پێویستە نەخۆشانی شەکرە ئاو زۆر بخۆنەوە و دوورکەونەوە لە جگەرەکێشان و ماددە کحولیەکان و زۆر خەفەت خواردن.


PM:04:38:18/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 4724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌