‌نەخۆشی دەروونی چاکدەبنەوە؟

وێستگە ستایل-

لە وەڵامی پرسیاری "ئایا نەخۆشییە دەروونییەکان چارەسەریان هەیە؟" دكتۆر جەعفەر پزیشکی پسپۆری دەروونی  ده‌ڵێت" ڕاستەوخۆ دەڵێین "بەڵێ" به‌ڵام..

1- ئەی بۆچی هەندێک نەخۆشی وەکو شیزۆفرینیا دەبێت بەردەوام دەرمان بخوات؟
2- بۆچی نەخۆشەکەی ئێمە چەند ساڵە دەرمان دەخوات و چاکنەبۆتەوە؟
3- بۆچی نەخۆشەکەی ئێمە هەتا دەرمان بخوات باشە؟ بەڵام کە دەرمانەکانی وەستان خراپ دەبێتەوە.
لە ڕاستیدا ئەوانە پرسیارکردنن سەبارەت بە چاکبوونەوە نەک چارەسەر، چونکە ئەو دووانە لەیەکتر جیاوازن!

- چارەسەر؛ واتە بوونی ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی سکاڵا و ناڕەحەتییەکان، بۆنمونە ئازاری کەسەکە بشکێت یان لە نەخۆشییە دەروونییەکەدا دڵەڕاوکێی کەسەکە نەمێنێت! چارەسەر لەوانەیە ببێتە هۆی تەواوچاکبوونەوە بەڵام مەرج نییە هەمیشە کەسەکە چاکببێتەوە! بۆنمونە کەسێک ئازاری جومگەی هەیە بەهۆی روماتیزمەوە، بە دەرمانەکان ئازارەکەی کەمدەبێتەوە بەڵام نەخۆشییەکە چاکنابێتەوە، ئەمە بۆ زۆر نەخۆشی تر ڕاستە وەکو بەرزەفشاری خوێن (زەخت)، شەکرە، ڕەبووە، نەخۆشی پوکانەوەی ماسولکەکان، ...

- چاکبوونەوە؛ واتە کەسەکە بەتەواوی لە نەخۆشییەکە ڕزگاری ببێت و هیچ نیشانەیەکی نەمێنێت و بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش نەخۆشییەکە، بۆنمونە توشبوون بە هەوکردنی سییەکان بەهۆی بەکتریاوە، کەسەکە بە تەواوی چاکدەبێتەوە، ئەمە بۆ زۆربەی جۆرەکانی هەوکردن (ئیلتیهاب) ڕاستە، هەروەها بۆ زۆر نەخۆشی تر ڕاستە وەکو برینی گەدە، بەردی گورچیلە، ڕیخۆڵە کوێرە، گرێی چەوری ژێر پێست، ....

هەمان دابەشکاری بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان ڕاستە، بەگشتی چارەسەریان هەیە، بەڵام هەندێکیان بەتەواوی چاکنابنەوە بەڵکو دەبێت بەردەوام دەرمان بخۆن هەتا نیشانەکانیان نەمێنێت، بۆنمونە شیزۆفرینیا و دووجەمسەری دوو نەخۆشی درێژخایەنی دەروونین وەکو شەکرە و ڕەبووە، ئەگەر کەسەکە دەرمان بخوات نەخۆشییەکەی کۆنتڕۆڵدەبێت ئەگەر نەیخوات ئەوە نیشانەکانی بۆ دێتەوە، بۆنمونە لە نەخۆشی شەکرەدا شەکرەکەی بەرزدەبێتەوە، لە نەخۆشی شیزۆفیرنیادا لەوانەیە وەهمی بۆ بگەڕێتەوە. هەندێک نەخۆشیش هەیە کەسەکە لە ژیانیدا ئەزمونی دەکات و چاکدەبێتەوە، بۆنمونە خەمۆکی و تۆقین زۆربەیان چاکدەبنەوە!

بەڵام پێویستە ئەم سێ خاڵەمان بیرنەچێت:
- نەخۆشی دەروونی بە هەموو جۆرەکانیانەوە کاتی زیاتریان دەوێت هەتا بە دەرمانەکان باشدەبنەوە یان چاکدەبنەوە.
- نەخۆشی دەروونی لەوانەیە پاش چاکبوونەوەش پێویست بکات چارەسەر بۆ ماوەیەک بەکاربهێنێت.
- هەندێک نەخۆشی دەروونی هەن جیاوازن لە ڕووی چاکبوونەوە و باشبوونەوە، بۆنمونە لەوانەیە بە گوێرەی کات نەخۆشییەکەیان لەسەر تووند ببێت یان نیشانەکانیان بمێنێت، وەکو نەخۆشی شیزۆفرینیا، هەندێک نیشانەیان لەگەڵ دەمێنێتەوە بە درێژایی ژیانیان، یان هەندێک جۆری واسواسی لەوانەیە واسواسییەکەیان کەمببێتەوە بەڵام لەگەڵیان دەمێنێتەوە.
لەبەرئەوە ئەگەر نەخۆشییە دەروونییەکەت چاکنەبۆتەوە لەوانەیە درێژخایەن بێت یان پێویستی بە ماوەی زیاتر لە وەرگرتنی چارەسەر هەبێت هەتا بەتەواوی چاکببێتەوە یان بۆ ڕێگریکردن بێت لە دووبارە سەرهەڵدانەوە!



PM:09:31:27/07/2022


ئه‌م بابه‌ته 3472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌