ناسا وێنەیەکی بێوێنەی گەلەئەستێرەی خولگەیی IC 342 بڵاودەکاتەوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
ئاژانسی ناسا لە بەشی وێنەی ڕۆژی گەردوونناسیدا، تیشکی خستە سەر گەلەئەستێرەی IC 342 کە بە "گەلەئەستێرە شاردراوەکە" ناسراوە و نزیکەی ١٠ ملیۆن ساڵی ڕووناکی لە زەوییەوە دوورە بینینی ئەم گەلەئەستێرە خولگەییە لە ڕووی بیناییەوە کارێکی زۆر ئاڵۆزە بۆ گەردوونناسان، چونکە بە تەواوی لە پشتی تەمومژ، گازی چڕ و ئەستێرەکانی ڕێڕەوی شیرییەوە هەڵکەوتووە و ئەوەش وەک پەردەیەک ڕێگری لە بینینی دەکات.
سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان ڕێگەیان بە زاناکان داوە تیشکەکان بشکێنن و لێکۆڵینەوە لە باڵە خولگەییەکان، ناوچەکانی دروستبوونی ئەستێرەی نوێ و کێڵگە موگناتیسییەکانی ناو ئەم گەلەئەستێرەیە بکەن.
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی IC 342 بریتییە لە چڕیی کێڵگە موگناتیسییەکانی، کە زاناکان لێی دەکۆڵنەوە تا تێبگەن چۆن هێزی موگناتیسی دەبێتە هۆی جوڵاندنی گازەکان و پێکهێنانی شێوەی باڵە خولگەییەکان لە بۆشایی ئاسماندا.
چاودێریکردنی گەلەئەستێرە دراوسێکانی وەک IC 342 هاوکار دەبێت لە تێگەیشتن لە چۆنیەتی دروستبوون و گەشەکردنی گەلەئەستێرە گەورەکانی وەک ڕێڕەوی شیری بە درێژایی ملیاران ساڵ.
ماڵپەڕی فەرمیی گەردوونناسیی ناسا (APOD)
PM:11:25:04/11/2026