کێڵگە موگناتیسییە سەرەتاییەکان لەوانەیە کێشەی فراوانبوونی گەردوون ڕوون بکەنەوە
وێستگە ستایل-
کێڵگە موگناتیسییە سەرەتاییەکان لەوانەیە کێشەی فراوانبوونی گەردوون ڕوون بکەنەوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
زانایان لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن ئایا کێڵگە موگناتیسییە لاوازەکان کە لە سەرەتای دروستبوونی گەردووندا هەبوون، دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ شیکارکردنی یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی گەردوونناسی سەردەم لەبارەی خێرایی فراوانبوونی گەردوون.
ئەم کێشەیە کە بە "گرژیی هابڵ" ناسراوە، لە جیاوازیی نێوان ڕێگاکانی پێوانەکردنی نەگۆڕی هابڵەوە سەرچاوە دەگرێت؛ بە جۆرێک پێوانەکردنی تیشکی پاشبنەمای مایکرۆوەیڤی گەردوونی خێراییەکی جیاواز لە پێوانەکردنی کەشکێشانە دوورەکان دەدات بەدەستەوە.
شیکارییە نوێیەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە کێڵگە موگناتیسییە سەرەتاییەکان کاریگەرییان لەسەر پێکهاتنی هایدرۆجین هەبووە کەمێک دوای تەقینەوە گەورەکە (بیگ بانگ)، و ئەم گۆڕانکارییەش لە پرۆسەی یەکگرتنەوەی سەرەتاییدا دەتوانێت لێکدانەوەی تیشکی مایکرۆوەیڤی گەردوونی بگۆڕێت. توێژەران لە ڕێگەی شێوەپێدانی وردی هایدرۆداینامیکی موگناتیسییەوە نیشانیان داوە کە ئەم کێڵگانە دەتوانن جیاوازییەکە کەم بکەنەوە.
ئەم بیرۆکەیە هێشتا وەک چارەسەری کۆتایی بۆ گرژیی هابڵ پەسەند نەکراوە و پێویستی بە چاودێری و لێکۆڵینەوەی زیاترە. بەڵام ئەگەر بسەلمێنرێت، جگە لە چارەسەری کێشەکە زانیاری دەگمەن لەسەر ساتە سەرەتاییەکانی گەردوون و پەرەسەندنی کێڵگە موگناتیسییەکان لە گەلەئەستێرەکاندا دەخاتە ڕوو.
بەردەوامیی ئەم جیاوازییە لە پێوانەکردندا ڕەنگە نیشانەی ئەوە بێت کە کێشەکە تەنیا هەڵەی پێوانەکردن نییە، بەڵکو دەروازەیەکە بۆ دۆزینەوەی یاسای نوێی فیزیکی لە سەرووی مۆدێلی ستانداردەوە.
(ScienceDaily)
PM:10:41:04/10/2026
ئهم بابهته 72
جار خوێنراوهتهوه