جەیمس وێب تەنێکی نامۆ دەدۆزێتەوە: ئەستێرەیەک کە چاڵێکی ڕەشی لە نێوەڕاستیدایە
وێستگە ستایل-
جەیمس وێب تەنێکی نامۆ دەدۆزێتەوە: ئەستێرەیەک کە چاڵێکی ڕەشی لە نێوەڕاستیدایە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
تەلیسکۆپی جەیمس وێب تەنێکی دەگمەنی گەردوونی دۆزیوەتەوە کە پێی دەوترێت "ئەستێرەی کونی ڕەش"، ئەم تەنە کە وەک خاڵێکی سووری درەوشاوە دەردەکەوێت، دەتوانێت نهێنیی دروستبوونی یەکەمین کونە ڕەشەکانی گەردوونمان بۆ ئاشکرا بکات.
ئەم تەنە کە بە MoM-BH*-1 ناوزەد کراوە، نزیکەی ١٠٠ هەزار جار لە خۆر قورسترە و تەنیا ٧٠٠ ملیۆن ساڵ دوای تەقینەوە گەورەکە (Big Bang) دروست بووە. بەهۆی ئەو گازە ئەستوورەی دەوری داوە، قەبارەکەی هێندەی تەواوی کۆمەڵەی خۆر گەورە دەردەکەوێت.
بە پێچەوانەی ئەستێرە ئاساییەکان، ئەم تەنە وزەکەی لە چاڵێکی ڕەشی ناو جەرگەیەوە وەردەگرێت کە بەردەوام ماددە قوت دەدات. بەپێی توێژینەوەیەک لە گۆڤاری Nature، وزەی ئەم تەنە ١٠٠ ملیار جار لە ئەستێرەیەکی ئاسایی زیاترە، بەڵام چڕی گازەکان وایکردووە تیشکی X لێوە دەرنەچێت و تەنیا ڕووناکییە سوورەکەی ببینرێت.
بیرۆکەی ئەم جۆرە ئەستێرانە ٢٠ ساڵ پێش ئێستا هەبوو، بەڵام جەیمس وێب لە ساڵی
٢٠٢٢ەوە بە بینینی "خاڵە سوورەکان" گومانی لای زانایان دروست کرد. دواجار لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بە بینینی کەمێک تیشکی X لە تەنێکی هاوشێوەدا، بوونی کونی ڕەش لە ناوەندی ئەو تەنە سوورانەدا پشتڕاستکرایەوە.
ڕۆهان نایدو، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە دەڵێت ئەمە دۆزینەوەیەکی "یەک لە ملیارە" و هیچ شتێکی هاوشێوەی پێشتر نەبینراوە. ئەگەر ئەم دۆزینەوەیە گشتگیر بێت، ڕەنگە زۆربەی ئەو خاڵە سوورانەی لە سەرەتای دروستبوونی گەردووندا هەبوون، لە ڕاستیدا ئەستێرەی کونی ڕەش بووبێتن.
سەرچاوە: گۆڤاری زانستیی Nature - زانکۆی هاوایی
PM:05:34:15/08/2026
ئهم بابهته 260
جار خوێنراوهتهوه