ڤیدیۆ.. بەهۆی درامای سەمای تەرزەوە نیگار تووشی ئه‌م حاڵه‌ته بووه
وێستگە ستایل-
نیگار عوسمان ئەکتەری سەرەکی درامای سەمای تەرزە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی باسی لەو حاڵەتانە کرد کە پاش دراماکە رووبەڕووی بووەتەوە.
لە بارەی چۆنیەتی بەشدارییکردنی لە درامای سەمای تەرزە و وەرگرتنی رۆڵی کەسایەتی تەرزە لەدراماکەدا نیگار وتی "بیرۆکەکە و چیرۆکەکەم زۆر بەدڵ بوو، دەمزانی دەنگدانەوەی دەبێت، چیرۆکی تەرزە و نەسرین و ئەو کچانەی کە خۆشەویستی دەکەن رووبەڕووی چی دەبنەوە، هەندێک پێیوایە ئەم رۆڵە سوکایەتیکردنە بە ژنانی کۆمەڵگە، چونکە ئەوان پێیانوایە ژنی ئەم کۆمەڵگەیە وانییە، ئەم کەسایەتییە کەسایەتییەکی راستەقینەیە لە کۆمەڵگەدا، بەڵام دەرنەکەوتووە بۆیە نامۆیە، هونەرمەند کاری ئەوەیە لەڕێی چیرۆکەکەیەوە ئەو ژیانە بخاتەڕوو".
پاش پەخشکردنی دراماکە زۆرترین قسەی لەبارەوە کراوە بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەوەڵامی ئەو قسانەشدا نیگار ده‌ڵێت "هەندێک زۆرباش باسی کارەکە و رۆڵەکەم دەکەن و دەستخۆشیم لێدەکەن هەندێکیش بە خراپ، لابەلا هەندێک قسەی نەشیاویان لەسەر کردووم تەنانەت هەڕەشەی کوشتنم لێکراوە، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هێرشێکی زۆر کراوەتەسەرم، بەڵام من بینەری خۆمم خۆش دەوێت و ئەو قسانە کاریگەریی ناکاتە سەرم.
سەبارەت بە کەسایەتی شوانە کە بووەتە باس و خواسی خەڵکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیگار وتی "زۆر سەرسامم بە جەربەزەیی کەسایەتی شوانە لە دراماکەدا".
سەمای تەرزە درامایەکی کوردیی نوێیە، بۆ یەکەمجار لە شەوانی رەمەزاندا لەسەر شاشەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دوو پەخشدەکرێت. دراماکە جگە لە شەوی هەینی، هەموو شەوێک کاتژمێر هەشت پێشکەشدەکرێت.
لە دراماکەدا كۆمه‌ڵێك له هونه‌رمه‌ندان و ئه‌كته‌رانی ناودار و ناسراوی شاری سلێمانی بەشدارن."سه‌مای ته‌رزه" درامایه‌كی سه‌رده‌میانەیه و باس لە ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌كانی سه‌رده‌می ئێستا ده‌كات.
"سەمای تەرزە" به هاوكاریی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی كورد بەرهەمهاتووە، لە ٢٥ ئەڵقە پێکهاتووە، شاعیر ئیسماعیل تاڵەبانی شیعری گۆرانیی دراماکەی نووسیوە.
دیمەنەکانی لە هەرێمی کوردستان و ئێران و وڵاتانی ئەوروپا تۆمارکراون، هونەرمەند عه‌بدول حه‌مه جوان سه‌رپه‌رشتیاری گشتیی دراماكه‌یه، هەریەکە لە هونەرمەندان "ژیان ئیبراهیم، عه‌بدول حه‌مه جوان، حیکمەت هیندی، شوانه جەزا، نیگار عوسمان، بەهار عوسمان، شه‌نگه ته‌حسین، ئاوارە خان، كامه‌ران شێركۆ، میران شێرزاد، فه‌رهاد ڕه‌سول، ڕێبواری حەمەی سابیر، زانست، لانه، شادیە جه‌زا، لەیلای مەجیدی، هاودەم، شانیا، سەمیعە هەڵەبجەیی، ستار، زمناكۆ هیدایەت و چه‌ند ئه‌كته‌رێكی تر" لە دراماکەدا ڕۆڵ دەبینن.
AM:09:57:28/05/2019
ئه‌م بابه‌ته 20256
جار خوێنراوه‌ته‌وه