‌سەرەتای مانگی 12 شەپۆلێکی بەهێزی سەرما و باران ڕوو لە ناوچەکە دەکات و ئەگەری لافاو و بەفربارین هەیە

وێستگە ستایل-

سەرەتای مانگی 12 شەپۆلێکی بەهێزی سەرما و باران ڕوو لە ناوچەکە دەکات و ئەگەری لافاو و بەفربارین هەیە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرای دەکات، لە 10 ڕۆژی سەرەتای مانگی 12ـدا سەرمایەکی بەهێز و بارانێکی زۆر باش ڕوو لە ناوچەکە دەکات، بە جۆرێک ئەگەری بارینی یەکەم بەفر لە چەند ناوچەیەک و دروستبوونی لافاویش هەیە.


پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی لە لێدوانێکدا پێشبینییەکانی خستە ڕوو و ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆ شەممە 21ـی تشرینی دووەمەوە تاوەکو شەممەی داهاتوو کەشوهەوا سەقامگیر دەبێت و سەرەڕای ئەوەی هەندێک کات ڕەنگە هەور بێت، بەڵام باران نابارێت.


سەبارەت بە ناوچەکانی بارانبارین و مەترسیی لافاو، پێنجوێنی ڕوونیکردەوە کە بەهۆی شەپۆلی هاوبەشی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاستەوە لە دەوروبەری سنووری سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە و کەرکووک بارانێکی زۆر باش دەبارێت و لە بەشێکی ناوچەکانیشدا ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.


ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو وشکییەی ئێستا بارانێکی زۆر باشی بەدوادا دێت، بە جۆرێک لە 10 ڕۆژی سەرەتای مانگی 12ـدا بارستەهەوایەکی سارد و سەرمایەکی بەهێز ڕوو لە ناوچەکە دەکات و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە.


لەبارەی بەفربارینیشەوە، پێنجوێنی ئاشکرای کرد کە لە حاجی ئۆمەران و دەوروبەری پێنجوێن یەکەم بەفر دەبارێت و ئەگەرێکی کراوە هەیە کە لە ناو پێنجوێنیش یەکەم بەفر ببارێت؛ هەروەها ئەگەر ئەو سەرمایەی پێشبینی دەکرێت بمێنێتەوە، لە ئەزمەڕ و گۆیژەش یەکەم بەفر دەبارێت.


ئەم زانیاری و پێشبینییانە لە چوارچێوەی لێدوانێکی تایبەتی پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای بواری کەشناسیدا بووە بۆ وێستگەنیوز.


PM:01:39:21/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل