زانایان ڕێگەیەکی نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی ماددە موگناتیسییەکان بە کارەبا دەدۆزنەوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
توێژەرانی زانکۆی نۆرسوێستەرن کاریگەرییەکی فیزیایی نوێیان سەلماندووە کە ڕێگە دەدات تەزووی کارەبا دۆخی موگناتیسیی ماددە دژەموگناتیسییەکان لە پلەی گەرمیی ژووردا بگۆڕێت.
ئەم دەستکەوتە زانستییە لە بواری فیزیا و ئەندازیاریدا وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای خەزنکردنی زانیاری دادەنرێت.
دۆزینەوە نوێیەکە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی یادگەی کۆمپیوتەری بچووکتر، متمانەپێکراوتر و خاوەن توانای هەڵگرتنی زانیاریی زۆر زیاتر.
ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکارییە لە پلەی گەرمیی ژووردا دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە ماددانە لە تەکنەلۆژیا هاوچەرخەکاندا سوودیان لێ ببینرێت.
پێشبینی دەکرێت ئەم پێشکەوتنە لە داهاتوودا سوودێکی گەورەی بۆ پەرەپێدانی ڕەقەواڵەی (Hardware) سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد هەبێت.
پێگەی فیز ئۆرگ (Phys.org)
PM:11:37:19/11/2026