‌ئاسیاسێڵ و سامسۆنگ هاوبەشییەکی ستراتیژی بۆ فراوانکردنی چارەسەرە دیجیتاڵییەکان لە عێراق واژۆ دەکەن

وێستگە ستایل-

ئاسیاسێڵ و سامسۆنگ هاوبەشییەکی ستراتیژی بۆ فراوانکردنی چارەسەرە دیجیتاڵییەکان لە عێراق واژۆ دەکەن


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و کۆمپانیای Samsung Electronics Levant ڕێککەوتنێکی نوێی هاوبەشیی ستراتیژییان لە شاری سلێمانی واژۆ کرد، بە مەبەستی بەرفراوانکردنی دەستڕاگەیشتنی بەشداربووان و دامەزراوە بازرگانییەکان لە سەرتاسەری عێراق بە نوێترین ئامێر، خزمەتگوزاری و چارەسەرە تەکنەلۆژییەکانی سامسۆنگ.


ئەم هاوبەشییە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ خێراکردنی هەنگاوەکانی بەدیجیتاڵیکردن لە عێراق، کە تێیدا هەردوو کۆمپانیاکە لە ڕێگەی تێکەڵکردنی تۆڕ و ئامادەیی فراوانی ئاسیاسێڵ لەگەڵ داهێنانە پێشکەوتووەکانی سامسۆنگدا، کار بۆ ئەوە دەکەن کە بەرهەمە زیرەکەکان بە شێوازێکی ئاسانتر و گونجاوتر بگەیەننە دەستی بەکارهێنەران و کەرتە جیاوازەکانی کار.


بەپێی ڕێککەوتنەکە، چەندین ئاسانکاری و بژاردەی کڕین دەخرێنە بەردەستی هاووڵاتییان؛ لەوانە پرۆگرامی گۆڕینەوەی ئامێرە کۆنەکان بە نوێ (Trade-in)، سیستەمی قیست و پارەدانی گونجاو، و بەهێزکردنی ئامادەیی کاڵاکانی سامسۆنگ لە پێشانگای دیجیتاڵیی ئاسیاسێڵدا. هەروەها بۆ کەرتی دامەزراوە و کۆمپانیاکان (B2B)، چارەسەری تایبەتمەند بە پاڵپشتیی سیستەمی پاراستنی پێشکەوتووی (Samsung Knox Guard) پەرەی پێدەدرێت، هاوکات پڕۆگرامی تایبەت بە کڕینی کارمەندان (EPP) و ڕاهێنانی تیمەکانی فرۆشتن جێبەجێ دەکرێن بۆ پێشکەشکردنی باشترین ڕاوێژکاری تەکنەلۆژی بە بەشداربووان.


لە کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەدا، عامر سوناع، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاسیاسێڵ جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە پاڵپشتی دیدگایان دەکات بۆ بونیادنانی دامەزراوەیەکی پاڵپشتیکراو بە ژیریی دەستکرد و خێراکردنی داهاتووی دیجیتاڵیی وڵات. لە لایەکی ترەوە، جۆنگهۆ کانگ، سەرۆکی کۆمپانیای Samsung Electronics Levant ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هاوبەشییە قۆناغێکی نوێ و گرنگە تا نوێترین بەرهەم و داهێنانەکانیان پێشکەشی ژمارەیەکی زیاتری بەکارهێنەران بکەن لە سەرانسەری عێراقدا و وەڵامی داواکارییە گەشەسەندووەکانی بازاڕ بدەنەوە.


ئەم دەستپێشخەرییە چوارچێوەیەکی تۆکمە بۆ هەردوو کۆمپانیا دادەمەزرێنێت تا لە ڕێگەی پاکێجی هاوبەش و دەستپێشخەرییەکانی بازرگانیی ئەلیکترۆنییەوە، بەربەستە دارایی و تەکنیکییەکان لەبەردەم کڕیاراندا کەم بکەنەوە و ئاستی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان لە وڵاتدا بەرەو پێشەوە ببەن.


ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ئاسیاسێڵ و سامسۆنگ ئەلیکترۆنیکس لێڤانت


PM:02:01:18/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل