چێنەر نزار پەیکەرێکی نوێ بۆ پێشەوا قازی محەممەد لە کەرکووک دروستدەکاتەوە
وێستگە ستایل-
چێنەر نزار پەیکەرێکی نوێ بۆ پێشەوا قازی محەممەد لە کەرکووک دروستدەکاتەوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
چێنەر نزار، پەیکەرسازی ناسراوی کورد، سەرلەنوێ دروستکردنەوەی پەیکەری پێشەوا قازی محەممەد لە شاری کەرکووک ڕادەگەیەنێت، ئەمەش دوای ئەوەی پەیکەرە کۆنەکە بەهۆی تێکچوونی شێوەکەیەوە پێویستی بە نوێکردنەوە و دەستکاریکردن هەبوو.
ئەم دەستپێشخەرییە هونەرییە پاش ئەوە دێت کە پەیکەری پێشووی قازی محەممەد لە بەردەم ئامادەیی قازی محەممەدی کوڕان لە کەرکووک بەهۆی تێپەڕبوونی کات و کێشەی تەکنیکییەوە شێوەکەی تێکچوو، بە جۆرێک نۆژەنکردنەوەی سادە بەس نەبوو و بڕیاردرا بە شێوەیەکی نوێ و شایستە دروستبکرێتەوە.
لەبارەی وردەکاریی کارەکەوە، چێنەر نزار ئاشکرای کرد کە بڕیاریداوە کارێکی نوێ ئەنجام بدات بە کواڵێتییەکی زۆر بەرزتر لە نموونە بنەڕەتییەکەی و لە ئێستاشدا دروستکردنی پەیکەرەکە لە قۆناغی سەرەتاییدایە. ناوبراو لەو بارەیەوە جەختی لەسەر بەردەوامی لە خزمەتکردنی کەسایەتییە نەتەوەییەکان کردەوە و ڕایگەیاند: "هەمیشە بە شانازییەوە ئامادەییم هەیە کە بە هونەرەکەم، ڕێز لە کەسایەتییە گرنگەکانی نێو مێژووی کورد و کوردستان بگرم."
دانانی پەیکەری کەڵەپیاوان و پێشەوایانی کورد لە بەردەم ناوەندەکانی خوێندندا گرنگییەکی پەروەردەیی و نیشتمانیی تایبەتی هەیە، پێشەوا قازی محەممەدیش وەک سیمبولی کۆماری کوردستان و ڕابەرێکی مەزن لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا هەمیشە جێگەی بایەخ و ڕێزی گشتی بووە.
چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی داڕشتن و تاشین، ئەم پەیکەرە نوێیە بە دیزاین و کواڵێتییەکی بەرز لە هەمان شوێنی پێشووی لە شاری کەرکووک پەردەی لەسەر لاببرێت.
هەژماری فەرمیی چێنەر نزار لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک
PM:02:42:13/10/2026
ئهم بابهته 444
جار خوێنراوهتهوه