مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی پلەی دووەمی زانایانی جیهانی بەدەستهێنا
وێستگە ستایل-
مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی پلەی دووەمی زانایانی جیهانی بەدەستهێنا
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لە دەستکەوتێکی زانستیی مێژووییدا بۆ کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد ساڵح محەممەد، مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاری لە هەردوو زانکۆی سلێمانی و زانکۆی ئەمریکی لە عێراق - سلێمانی، بە فەرمی وەک دووەم زانای پێشەنگی جیهان لە بواری کەرەستەی داهێنەرانە بۆ بەهێزکردنی کۆنکرێت
(Innovative Concrete Reinforcement Materials) دەستنیشان کرا.
ئەم پۆلێنبەندییە نوێیە نێودەوڵەتییە لە لایەن پلاتفۆرمی جیهانیی (Top1000 Scholar) و بە سەرپەرشتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی (Scholarly Index) بۆ ساڵی 2026 ڕاگەیەندراوە، کە تێیدا ئاست و پێگەی توێژەران لەسەر بنەمای کاریگەریی توێژینەوە زانستییەکان، ژمارەی ئاماژەپێدانەکان (Citations) و پێوەرە ئەکادیمییە باوەڕپێکراوەکان بۆ ماوەی پێنج ساڵی لەسەریەک (2021-2025) هەڵسەنگێندراوە.
بەپێی داتاکانی پلاتفۆرمە جیهانییەکە، دکتۆر ئەحمەد ساڵح توانیویەتی لە نێو هەزاران پسپۆڕ و توێژەری ئەم بوارە لە سەرانسەری دنیادا، پلەی دووەمی لەسەر ئاستی تەواوی جیهان (World Rank #2) مسۆگەر بکات. دەستەی پۆلێنبەندییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم دەستکەوتە ناوازەیە بەرهەمی توێژینەوە بەردەوامەکانی ناوبراوە لە دۆزینەوە و پەرەپێدانی کەرەستەی نوێ بۆ پتەوکردنی کۆنکرێت لە پڕۆژە ئەندازیارییەکاندا.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد ساڵح بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری لە ئەندازیاریی بیناکاری و جیۆتەکنیکال لە زانکۆی تەکنۆلۆجیی بەغداد بەدەستهێناوە، هەروەها بڕوانامەی دکتۆرا و پۆست دکتۆراشی لە ئەندازیاریی شارستانی و پسپۆڕیی کەرەستە جیۆلۆجییەکان لە زانکۆی هۆستنی ئەمریکا وەرگرتووە. ناوبراو پێنج ساڵ لەسەریەک (2021-2025) لەلایەن زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکییەوە وەک یەکێک لە باشترین 2% زانایانی جیهان لە بواری کەرەستەی بیناسازیدا پۆلێن کراوە؛ خاوەنی دوو کتێبی زانستی و زیاتر لە 300 توێژینەوەیە لە گۆڤارە نێودەوڵەتییە ئاستبەرزەکاندا، کە زیاتر لە 14,669 جار وەک سەرچاوە لە توێژینەوە جیهانییەکاندا پشتیان پێبەستراوە.
ئەم دەستکەوتە مەزنە نیشانەی توانستی بەرزی زانستیی توێژەرانی کوردستانە کە توانیویانە لە بەرزترین ئاستی نێودەوڵەتیدا کێبڕکێ لەگەڵ زانا ئەمریکی و ئەوروپییەکاندا بکەن، هاوکات وەک شانازییەکی گەورە بۆ ناوەندە ئەکادیمییەکان دەبێتە هاندەر و ئیلهامبەخش بۆ نەوەی نوێی خوێندکاران و توێژەرانی گەنج تاوەکو بڕوای
تەواویان بە تواناکانی خۆیان لە کایە زانستییە جیهانییەکاندا هەبێت.
سەرچاوە: پلاتفۆرمی نێودەوڵەتیی Top1000 Scholar - ڕێکخراوی Scholarly Index.
PM:05:29:05/10/2026
ئهم بابهته 748
جار خوێنراوهتهوه