ژیان ئیبراهیم خەیات؛ لە پەروەردەکردنی منداڵانەوە تا درەوشانەوە لە شانۆ و شاشەی کوردیدا
وێستگە ستایل-
ژیان ئیبراهیم خەیات؛ لە پەروەردەکردنی منداڵانەوە تا درەوشانەوە لە شانۆ و شاشەی کوردیدا
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
ژیان ئیبراهیم خەیات، یەکێکە لە ئەکتەرە بەئەزموون و ناسراوەکانی بواری نواندن لە هەرێمی کوردستان، کە بە کارە شانۆیی، درامی و سینەماییە پڕبایەخەکانی شوێندەستی لە هونەری هاوچەرخی کوردیدا بەجێهێشتووە و لە ئێستاشدا بەنیازی بەشداریکردنە لە بەرهەمێکی هونەریی نوێدا.
ئەو خانمە هونەرمەندە لە ماوەی تەمەنی هونەریی خۆیدا هەمیشە بە ڕۆڵبینینی کارەکتەرە جیاوازەکان سەرنجی بینەرانی ڕاکێشاوە، بەدەر لە کاری هونەرییش وەک مامۆستایەک لە باخچەی ساوایانی سەرچنار خزمەت بە پەروەردەی نەوەی نوێ دەکات. لە ئێستاشدا بڕیارە بەشداری لە کارێکی نوێی هونەریدا بکات کە گفتوگۆکانی لەوبارەیەوە دەستیان پێکردووە.
ناوبراو خاوەنی کارنامەیەکی دەوڵەمەندە و بەشداری لە چەندین درامای دیاردا کردووە، لەوانە: (گەردەلوول، ژیلەمۆ، خۆرنەوازان، خەمی چۆلەکەکان، حەسەنەفەنی، سەراب، هەنگاوەکانی سەرخۆڵەمێش، ڕۆژمێری شارێک، ڕەشەی پۆلیس). لە بواری سینەماشدا لە چەندین فیلمی گرنگدا دەرکەوتووە وەک (پەیکەری دڵ، خولە پیزە، ژانی گەل، تارمایی جەنگی پێشوو، زام، هێلانە سوتاوەکان، شوێنێک بۆ یاری، هیوا، سەمای ئەسپەکان، تەنور). هاوکات لەسەر تەختەی شانۆش خاوەنی دەیان بەرهەمی وەک (دایکە ئازاکە، وورچ، سزاو تاوان، دایکە پیرۆز، ئەوپیاوەی بوو بە سەگ، ببوورە ژمارەکە هەڵەیە، شەوی پیاو کوژان، نرخی ئازادی، هەموودزەکان دز نین، بیر ئەچیتەوە وەک ئەوەی هەر نەبوبیت، مردنی دێوەرەیەک، بینەر ناونیشانێک بۆ ئەم شانۆییە دابنێ)یە.
ژیان ئیبراهیم لە ساڵی 1963 لە گەڕەکی قاوەخانەی سەرچیمەنی شاری سلێمانی لەدایکبووە و هەر لە قۆناغی منداڵییەوە خولیای کاری هونەری بووە. لە ساڵی 1987 بەشی شانۆی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی تەواو کردووە، سەرەتای دەستپێکی کاری نواندنیشی بۆ قۆناغی یەکەمی پەیمانگا دەگەڕێتەوە، ئەو کاتەی لە شانۆگەریی (دەربارەی ڕەزامەندی نووسەر)ی بێرتۆڵت برێختدا ڕۆڵی "حیکایەتخوان"ی بەرجەستە کردووە.
ئەم ئەکتەرە بەتوانایە بە درێژایی دەیان ساڵ بەخشینی هونەری و پەروەردەیی، توانیویەتی وەک ناوێکی درەوشاوەی نێو دراما و سینەمای کوردی بمێنێتەوە و بینەرانی بەردەوام چاوەڕوانی کارە نوێکانی دەکەن.
سەرچاوە: ئەرشیڤی هونەری و دیداری پێشووتری هونەرمەند لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندن
PM:12:35:03/10/2026
ئهم بابهته 592
جار خوێنراوهتهوه