‌پلەکانی گەرما بە بەرچاوی دادەبەزن و بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

وێستگە ستایل-

پلەکانی گەرما بە بەرچاوی دادەبەزن و بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات لە سبەینێوە شەپۆلێکی دابەزینی پلەکانی گەرما ناوچەکە بگرێتەوە و لە رۆژانی داهاتووشدا بەشێک لە پارێزگاکان یەکەم بارانبارینی وەرزیی بەخۆیانەوە ببینن.


بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم، لە سبەینێوە ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی لاوازی بەرزەپاڵەپەستۆی دەریای سوور، بەو هۆیەوە پلەکانی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەکەن و تا کۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوو، بە رێژەی ٦ بۆ ٨ پلەی سیلیزی دادەبەزن.


لە نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممەوە کاریگەریی بەرزەپاڵەپەستۆی دەریای سپیی ناوەڕاست روو لە ناوچەکە دەکات و سەرەتا ئاسمانی دهۆک دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور. لە رۆژی پێنجشەممەشەوە کاریگەرییەکەی بەهێزتر دەبێت و بارانبارین بە بڕی ٢ بۆ ٣ ملم لە دهۆک دەستپێدەکات، دواتر بە بڕی ١ بۆ ٢ ملم دەگاتە هەولێر و بە بڕی ٠.٥ بۆ ١ ملم لە پارێزگای سلێمانی دەبارێت.


هاوکات پێش هاتنی ئەو شەپۆلە گشتییە، بەپێی وتەی ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی، لە کاتەکانی نێوان نیوەڕۆ بۆ ئێوارەی سبەینێ دووشەممەدا لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک و ئیدارەی سۆران، بەشێوەیەکی کاتی و کورتخایەن ئەگەری هەورەبروسکە و بڕێک بارانی کەم دەبێت.


بەهۆی کاریگەریی ئەم دوو بارستەهەوایەوە، کەشوهەوای ناوچەکانی هەرێم بەتەواوی روو لە فێنکبوون دەکات و پلەکانی گەرما لە بەرزترین ئاستی وەرزی هاوین دادەبڕێن و کەشێکی پاییزی باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت.


بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم، لێدوانی ئاراس جەبار (شارەزای کەشناسی)


PM:01:34:27/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل