ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند بەهادین عەبدوڵا؛ ئەستێرەیەکی درەوشاوەی دراما و کۆمیدیای کوردی
وێستگە ستایل-
ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند بەهادین عەبدوڵا؛ ئەستێرەیەکی درەوشاوەی دراما و کۆمیدیای کوردی
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لە ساڵیادی کۆچی دواییدا، یادی هونەرمەندی دیار و کۆچکردوو بەهادین عەبدوڵا (بەهادینی حەلیم) دەکرێتەوە، کە یەکێک بوو لە ئەکتەرە پێشەنگەکانی بواری دراما و کۆمیدیای کوردی و بە بەرهەم و نواندنە ناوازەکانی لە کەشکۆڵ و گەردەلوولدا، جێپەنجەیەکی لەیادنەکراوی لە مێژووی هونەری هاوچەرخدا جێهێشت.
پاش پرۆسەی ڕاپەڕین و لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٩٢ و سەرەتاکانی ١٩٩٣دا، هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی کەناڵی گەلی کوردستان و بەرنامەی کەشکۆڵ، بەهادین عەبدوڵا بووە یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی تیپی کەشکۆڵ. لەوێدا لەگەڵ هونەرمەندان سیروان جەمال، کەمال سابیر، مستەفا ئەحمەد و بەرزانی قالەی خەڵوز، هونەری کوردییان بردە قۆناغێکی نوێ و جەماوەرییەوە، بە شێوەیەک کە کەشکۆڵ بووە میوانی هەمیشەیی و خۆشەویستی ماڵە کوردەوارییەکان.
دوای سەرکەوتنی کەشکۆڵ، لەگەڵ هاوڕێ هونەرمەندەکانیدا تیپی هونەریی ڕەنگاڵەیان دامەزراند و دواتریش بەرنامەی هەمەڕەنگیان پێشکەش کرد. جگە لە بواری کۆمیدیا، لە چەندین درامای ناوداردا ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا، وەک دراماکانی (چاخانەکەی شێخە) و (لە گوڵێک کاڵتر)؛ هەروەها بەشدارییە دیارەکەی لە بەشی یەکەم و دووەمی زنجیرە درامای (گەردەلول)دا بە ڕۆڵی "معاون پاشا"، یەکێکە لە درەوشاوەترین کارەکانی کە لە
یادەوەریی بینەراندا ماوەتەوە.
بەهادین عەبدوڵا ئیبراهیم لە ساڵی ١٩٥٣ لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا و لە ساڵی ١٩٧٧ پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کردووە و بووەتە پێشمەرگەی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، پاشان لە ساڵی ١٩٨١ بووەتە ئەندامی مەکتەبی عەسکەریی یەکێتی. ناوبراو لە ساڵی ١٩٩٠ ژیانی هاوسەرگیریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵ بووە.
لە ڕۆژی ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٠٩، دڵە گەورەکەی بەهادینی حەلیم لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی یەکجاری لە کوردستان، خێزان، هاوڕێ، هاوکارە هونەرییەکانی و هەموو بینەرەکانی کرد، بەڵام یادەوەری و کارە بەپێزەکانی بۆ هەمیشە بە نەمری دەمێننەوە.
ئەرشیڤی هونەرمەندانی کوردستان و مێژووی درامای کوردی
AM:11:18:21/09/2026
ئهم بابهته 536
جار خوێنراوهتهوه