وەزارەتی پەروەردە ساڵنامەی خوێندن و وادەی تاقیکردنەوە و پشووەکانی بۆ ساڵی نوێ ڕاگەیاند
وێستگە ستایل-
وەزارەتی پەروەردە ساڵنامەی خوێندن و وادەی تاقیکردنەوە و پشووەکانی بۆ ساڵی نوێ ڕاگەیاند
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵنامەی فەرمیی خوێندن، وادەی تاقیکردنەوەکان و سەرجەم پشووەکانی بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 بڵاوکردەوە و پلان و کاتی دەوامی هەردوو وەرزی خوێندنی دیاریکرد.
بەگوێرەی خشتە و ڕێنماییە ڕاگەیەندراوەکان، لە وەرزی یەکەمی ئەمساڵی خوێندندا پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بۆ ماوەی 12 هەفتە بەردەوام دەبێت، هاوکات لە 9 تا 12ـی کانوونی یەکەمی 2026 پرۆسەی هەڵسەنگاندنی بازنەی یەکەم بەڕێوەدەچێت.
تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم لە 15 تاوەکو 24ـی کانوونی یەکەمی 2026 بەڕێوەدەچن، لە دوای ئەوەش لە 25ـی کانوونی یەکەمەوە پشووی وەرزی یەکەم دەستپێدەکات و تاوەکو 2ـی کانوونی دووەمی 2027 دەخایەنێت و پاشان دەوام دەستپێدەکاتەوە. بۆ وەرزی دووەمیش 16 هەفتە دەوامی خوێندن دەبێت، بە جۆرێک لە کۆتایی مانگی نیسان هەڵسەنگاندن و لە مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی 2027 تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ بەپێی پۆلەکان ئەنجام دەدرێن؛ هەروەها پشووی بەهارە لە 9 تا 23ـی ئازاری 2027 دیاریکراوە لەگەڵ پشووە فەرمییەکانی جەژنی ڕەمەزان، جەژنی قوربان، جەژنی ئێزدی و ساڵیادی ڕزگارکردنی عێراق.
ساڵانە وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، بە مەبەستی ڕێکخستنی کاتەکانی دەوامی مامۆستایان و قوتابیان و گەیاندنی تەواوی پرۆگرامەکانی خوێندن، ساڵنامەیەکی گشتگیر بڵاودەکاتەوە تاوەکو پێشوەختە پلان بۆ تاقیکردنەوەکان و پشووە فەرمییەکان دابنرێت.
بەم بڕیارەش سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە پابەند دەبن بە پەیڕەوکردنی ئەم وادانە، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن لە چوارچێوەی ساڵنامە فەرمییەکەدا و بە شێوازێکی رێکخراو بەڕێوەبچێت.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
PM:04:50:15/09/2026
ئهم بابهته 524
جار خوێنراوهتهوه