83ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس کۆتاییهات و براوەکانی خەڵاتی شێری زێڕین ئاشکرابوون
وێستگە ستایل-
83ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس کۆتاییهات و براوەکانی خەڵاتی شێری زێڕین ئاشکرابوون
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
دوای 11 ڕۆژ لە نمایش و ڕکابەرییەکی گەرمی نێودەوڵەتی لە ئیتاڵیا، پەردە لەسەرنچالاکییەکانی 83ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس دادایەوە و لە هەشت پۆلی جیاوازدا خەڵاتە گەورەکان بەسەر بەرهەمە سەرکەوتووەکاندا دابەشکران.
لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکەدا 20 فیلم کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵاتی سەرەکییان دەکرد، لە کاتێکدا بە گشتی زیاتر لە 140 بەرهەمی سینەمایی جۆراوجۆر لە بەشە جیاوازەکاندا نمایشکران. یەکێک لە ڕووداوە سەرنجڕاکێشەکان بۆ بینەرانی کورد، بەشداریکردنی فیلمێکی کوردی بوو لەژێر ناوی (No Paradise If You Are Killed By A
Woman) کە توانی لەم پلاتفۆرمە جیهانییەدا دەنگدانەوەی هەبێت
لە بەشی خەڵاتە سەرەکییەکاندا، خەڵاتی شێری زێڕین بە فیلمی (Woman Unknown) لە دەرهێنانی مەی ئەلتووخی بەخشرا، و فیلمی (Possible Love) لە دەرهێنانی لی چانگ دۆنگ بووە براوەی خەڵاتی شێری زیوین. خەڵاتی شێری زێڕین بۆ باشترین دەرهێنەریش درا بە ئیلیا کرژانۆڤسکی. لەسەر ئاستی نواندن، جۆن مالکۆڤیچ خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو و ماتیلد ئارسێل خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەری بەدەستهێنا، خەڵاتی ئەکتەری گەنجیش پێشکەش بە مالو خێبیزی کرا. هەروەها ستیفان بریزێ و کۆرالی ئەمیدیۆ و ئۆلیڤیێ گۆرس خەڵاتی باشترین سیناریۆیان بردەوە و فیلمی (NAZA) خەڵاتی تایبەتی دەستەی داوەرانی بەدەستهێنا؛ لە هەمان کاتدا هەریەک لە جۆرج کلوونی و ئێڵن بورستین خەڵاتی شێری زێڕینی فەخرییان بۆ تێکڕای تەمەنی هونەرییان پێبەخشرا.
فێستیڤاڵی ڤێنیس وەک یەکێک لە کۆنترین و گرنگترین ڕووداوە سینەماییەکانی جیهان، لەم خولەدا ژمارەیەکی پێوانەیی لە بەشداریکردن تۆمار کرد و زیاتر لە سێ هەزار بەرهەمهێنەر لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ئەکتەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان لە سەرانسەری جیهانەوە ئامادەی ڕۆژەکانی فێستیڤاڵەکە بوون.
بە دابەشکردنی خەڵاتەکان و دەرکەوتنی ڕەوتی نوێی سینەمای جیهانی لە ڕێگەی نمایشکردنی زیاتر لە 140 بەرهەم، ئەم خولەی ڤێنیس بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی هێنا و چاوەکان لە ئێستاوە لەسەر خولی داهاتووی ئەم فێستیڤاڵە دێرینە دەبن.
سەرچاوە: فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس (La Biennale di Venezia)
PM:12:21:13/09/2026
ئهم بابهته 212
جار خوێنراوهتهوه