کازم ساهیر؛ چۆن دەنگە پڕ لە هەستەکەی عێراق سنوورەکانی جیهانی بڕی؟
وێستگە ستایل-
کازم ساهیر؛ چۆن دەنگە پڕ لە هەستەکەی عێراق سنوورەکانی جیهانی بڕی؟
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
کازم ساهیر، یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین دەنگەکانی مۆسیقای هاوچەرخی عەرەبییە لە چەند دەیەی ڕابردوودا. ئەو بە تێکەڵکردنی شیعری کلاسیکی لەگەڵ ئاوازی سەردەمیانە، توانی ستایلێکی تایبەت بە خۆی دروست بکات و بە فرۆشتنی زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن ئەلبووم، ناوی خۆی لە ڕیزی سەرکەوتووترین هونەرمەندەکاندا تۆمار بکات.
ئەم هونەرمەندە عێراقییە، کە نازناوی "باڵیۆزی گۆرانیی عێراقی"ی پێدراوە و شاعیری کۆچکردوو نزار قەبانی بە "قەیسەری گۆرانیی عەرەبی" ناوی بردووە، خاوەنی تایبەتمەندییەکی دیارە لە کارەکانیدا؛ ئەو زۆربەی هەرە زۆری ئاوازی بەرهەمەکانی خۆی دایاندەنێت و توانیویەتی مۆسیقای ڕەسەنی عێراقی لەگەڵ دابەشکردنی ئۆرکێسترادا بە شێوازێکی هاوسەنگ بگەیەنێتە گوێی بیسەران.
قۆناغی گەورەی ناوبانگی کازم ساهیر لە هاوکارییە بەردەوامەکانی لەگەڵ نزار قەبانیدا بەرجەستە بوو، کاتێک چەندین شاکاری وەک "زيديني عشقاً"، "مدرسة الحب" و "قولي أحبك"ی پێشکەش کرد. هەروەها گۆرانیی "أنا وليلى" لە ڕاپرسییەکی کەناڵی بی بی سیدابوەک یەکێک لە دە دیارترین گۆرانییەکانی سەدە لەسەر ئاستی جیهان دەستنیشان کرا. ناوبراو توانی لەسەر شانۆ نێودەوڵەتییەکانی وەک "ڕۆیاڵ ئالبێرت هۆڵ" لە لەندەن و هۆڵی "ئۆپێرا" لە سیدنی کۆنسێرت ساز بکات، گۆرانیی هاوبەش لەگەڵ ئەستێرەی جیهانی سارا برایتمەن بڵاوبکاتەوە، و دوای مادۆنا ببێتە دووەم هونەرمەند کە کلیلەکانی شاری سیدنیی پێدەبەخشرێت.
کازم جەبار سامەڕائی لە ساڵی ١٩٥٧ لە خێزانێکی سادە لە شاری موسڵ لەدایکبوو و دواتر بەهۆی کارەکەی باوکییەوە ڕوویان لە بەغدا کرد. ژیانی سەرەتای ئەو پڕ بوو لە ماندووبوون؛ لە تەمەنی منداڵیدا بۆ دابینکردنی بژێوی کاری جۆراوجۆری دەکرد، لە فرۆشتنی ئایسکرێمەوە تا کارکردن لە کارگەی چنین، هەموو ئەمانەش تەنها بۆ ئەوەی بتوانێت بڕی ١٢ دینار کۆبکاتەوە تا یەکەم ئامێری گیتار بۆ خۆی بکڕێت و لە پەیمانگای خوێندنی مۆسیقادا درێژە بە خولیاکانی بدات.
چیرۆکی کازم ساهیر نموونەی هونەرمەندێکی دەگمەنە کە بە پشتپەستن بە بەهرەی کەسی و گرنگیدان بە وشە و تێکستی باڵا، توانی لە ژیانێکی پڕ لە سەختییەوە بگاتە سەرکەوتنێکی گەورە و بۆ چەندین دەیە بە دەنگێکی پڕ لە سۆز و سەنگین لە دڵی هەوادارانیدا پێگەی خۆی بپارێزێت.
سەرچاوە: ئەرشیفی میدیایی و ژیاننامەی فەرمیی هونەرمەند
PM:02:12:12/09/2026
ئهم بابهته 164
جار خوێنراوهتهوه