‌کەژاڵ ئەحمەد؛ ئەو شاعیرەی لە کەرکووکەوە بوو بە دەنگێکی جیھانیی شیعر

وێستگە ستایل-

کەژاڵ ئەحمەد؛ ئەو شاعیرەی لە کەرکووکەوە بوو بە دەنگێکی جیھانیی شیعر


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


کەژاڵ ئەحمەد، یەکێکە لە دیارترین ناوەکانی نێو ئەدەبیاتی کوردی و بواری ڕۆژنامەگەری، کە توانیویەتی بە شیعرەکانی سنوورەکان ببەزێنێت و وەک ژنە شاعیرێکی خاوەن ستایل، پەیامی مرۆیی و نەتەوەیی و پرسی ژن بگەیەنێتە ناوەندە ئەدەبییەکانی جیهان.


ئەم خانمە نووسەر و شاعیرە لە ساڵی ١٩٦٧ لە گەڕەکی تەپەی مەلا عەبدوڵڵای شاری کەرکووک لەدایکبووە، هەرچەندە بنەچەی خێزانەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی بەڵام بەهۆی کاری باوکییەوە لەوێ نیشتەجێ بوون. دوای پێنج ساڵ لە تەمەنی، خێزانەکەی دەگەڕێنەوە سلێمانی و لەوێ قۆناغەکانی خوێندن تەواو دەکات. لە سەرەتای هەشتاکانەوە تێکەڵی کاری سیاسی دەبێت و لە ساڵی ١٩٨٧دا بە فەرمی دەستی بە نووسینی شیعر کردووە.


کەژاڵ تەنها لە نووسینی شیعردا نەوەستا، بەڵکو لە ساڵی ١٩٩٢ وەک ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی (ئاڵای ئازاد) دەستی بەکار کرد و دواتریش لە کەناڵی ئاسمانیی کوردسات بە پێشکەشکردنی بەرنامەی (دژەباو) ناوبانگێکی زۆری دەرکرد. خاوەنی چەندین دیوانی شیعرییە وەک (بەندەری بەرمۆدا، وتەکانی وتن، قاوەیەک لەگەڵ ئەودا، ئاوێنەم شکاند و زمانی باڵندەم دەزانی). شیعرەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی ئینگلیزی، نەرویژی، عەرەبی، فارسی و تورکی، بەتایبەت دیوانی (EROBRINGR) کە لە ساڵی ٢٠٠٥ لە نەرویژ چاپکرا و وەک یەکێک لە ١٣ ژنە شاعیری کاریگەری سەدەی بیستەم لەو وڵاتە ناسێنرا.


لایەنێکی جیاوازی ژیانی ئەم خانمە، تەرخانکردنی داهاتی بەرهەمەکانیەتی بۆ کارە مرۆییەکان. بۆ نموونە داهاتی کتێبی (من دەبێت خۆم بسمیلبکەم)ی بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان تەرخان کرد، هەروەها داهاتی کتێبی (مشتێ خوێ - Handful of Salt) کە بە زمانی ئینگلیزی لە ئەمریکا چاپکرا، پێشکەش بە ژنانی ئێزدی قوربانی دەستی داعش کرا، ئەمەش وەک هەڵوێستێکی نەتەوەیی و مرۆیی بەرامبەر بە ئازارەکانی نیشتمانەکەی.


دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٧ هاوسەرگیری لەگەڵ عەبدولوەدوود کوردی کرد و ماوەیەک لە وڵاتی ئوردن نیشتەجێ بوو، لە ئێستادا کەژاڵ ئەحمەد گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و وەک یەکێک لە قەڵەمە بوێر و کاریگەرەکانی ئەدەبیاتی کوردی بەردەوامە لە چالاکییەکانی.


سەرچاوە: ئەرشیفی ئەدەبیی کەژاڵ ئەحمەد و ویکیپیدیای کوردی


PM:04:18:21/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل