قانع؛ ئەو شاعیرەی بوو بە دەنگی چەوساوەکانی کوردستان
وێستگە ستایل-
قانع؛ ئەو شاعیرەی بوو بە دەنگی چەوساوەکانی کوردستان
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
محەممەد کابولی، ناسراو بە "قانع"، یەکێکە لە دیارترین و کاریگەرترین شاعیرانی
کلاسیکی کورد لە سەدەی بیستەمدا. ئەو بەهۆی هەڵوێستە بوێرەکانی و لایەنگریکردنی لە
هەژاران و ڕەنجدەران، نازناوی "شاعیری چەوساوەکانی کوردستان"ی پێدراوە و شیعرەکانی
هەوێنی بیرێکی پێشکەوتووخوازانە و ئازادیخوازانە بوون بۆ کۆمەڵگەی کوردی.
ئەم شاعیرە گەورەیە لە ١٥ی ئەیلوولی ساڵی ١٨٩٨ لە گوندی ڕیشێنی ناوچەی شارەزوور
لەدایکبووە. ژیانی قانع هەر لە سەرەتاوە بە مەینەت و کوێرەوەری دەستی پێکرد؛ تەمەنی
تەنیا ٤٠ ڕۆژ بووە کاتێک باوکی کۆچی دوایی کردووە، دوای ماوەیەکی کەم دایکیشی
لەدەستداوە. بەهۆی زوڵمی دەرەبەگەکانی ناوچەی مەریوان، خێزانەکەی ئاوارە بوون و ئەو
وەک منداڵێکی دەربەدەر لە ژێر سایەی مامەکانیدا گەورە بووە.
قانع بۆ خوێندن شار و شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستانی وەک سنە، مەهاباد، هەولێر،
کۆیە، کەرکووک و سلێمانی گەڕاوە. سەرەتا بە شیعری ئایینی و دڵداری دەستی پێکرد،
بەڵام ڕووداوە گەورەکانی وەک شەڕی جیهانیی یەکەم و ئاشنابوون بە کتێبە مێژووییەکان،
ڕێڕەوی ژیانی ئەدەبییان گۆڕی. ئەو لە شاعیرێکی کلاسیکەوە بوو بە شاعیرێکی نەتەوەیی
و نیشتمانپەروەر کە دژی ستەمی دەرەبەگایەتی و داگیرکاری دەوەستایەوە.
ئەم شاعیرە خاوەنی بیروباوەڕێکی سۆشیالیستی بوو و باوەڕی وابوو کە دەبێت نادادی
کۆمەڵایەتی نەمێنێت. لە شیعرەکانیدا هەمیشە ڕووی دەمی لە جوتیاران و هەژاران بوو بۆ
ئەوەی مافی خۆیان لە دەرەبەگەکان بسێنن. جگە لە لایەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی، قانع لە
بوارەکانی دڵداری، سروشت و ئایینیشدا خاوەنی چەندین شاکاری ئەدەبییە کە هەتا ئێستاش
لەسەر زاران ماونەتەوە.
لە کۆتایی تەمەنیدا، قانع تووشی نەخۆشی تەنگەنەفەسی بوو و دوای ساڵانێکی زۆر لە
خەبات و نووسین، لە ٧ی ئایاری ١٩٦٥ لە گوندی لەنگەدێی ناوچەی شلێر کۆچی دوایی کرد و
هەر لەوێش بە خاک سپێردرا. ئەو دوای خۆی چەندین بەرهەمی بەپێزی وەک "گوڵاڵەی
مەریوان"، "باغچەی کوردستان"، "چوارباخی پێنجوێن" و "دەشتی گەرمیان"ی بۆ کتێبخانەی
کوردی بەجێهێشت.
سەرچاوە: دیوانی قانع، مێژووی ئەدەبی کوردی (مارف خەزنەدار).
PM:04:01:21/08/2026
ئهم بابهته 300
جار خوێنراوهتهوه