‌خالید ڕەشید؛ ئەو هونەرمەندەی مۆسیقا و شوێنەوارناسیی ئاوێتەی یەکتر کرد

وێستگە ستایل-

خالید ڕەشید؛ ئەو هونەرمەندەی مۆسیقا و شوێنەوارناسیی ئاوێتەی یەکتر کرد


وەستگە ستایل - سۆلین عوسمان


خالید ڕەشید، ناوێکی دیار و فرە ڕەهەند لە جیهانی هونەر و ڕۆشنبیریی کوردیدا، نەک تەنها وەک گۆرانیبێژ و میوزیکژەن، بەڵکو وەک شوێنەوارناس و نووسەرێکیش ناسراوە کە توانیویەتی مۆسیقای کوردی بگەیەنێتە کایە جیهانییەکان و خزمەتێکی گەورە بە مێژوو و کولتووری نەتەوەکەی بکات.


ئەم هونەرمەندە لە ساڵی ١٩٦٨ لە شاری سلێمانی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایکبووە. باوکی کەسایەتییەکی ناسراوی شار و بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقا بووە. خالید لە ساڵی ١٩٨٠ەوە ڕووی لە وڵاتی سوید کردووە و لەوێ ژیانی هونەری و زانستی خۆی دەستپێکردووە، ئەم کۆچەش بووە وەرچەرخانێکی گەورە لە ژیانیدا بۆ ئاوێتەبوونی لەگەڵ کولتووری جیهانی.


خالید ڕەشید خاوەنی حەوت ئەلبووم و دەیان گۆرانییە کە زۆربەی ئاوازەکانیان هی خۆیەتی. یەکێکە لەو هونەرمەندانەی ئامێری "باڵەبان"ی لە چوارچێوەی تەنها شایی و ئاهەنگ دەرهێنا و بردییە ناو کایە هونەرییە باڵاکانەوە. ئەو ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە چەسپاندنی مارشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی کوردستان و یەکێک بووە لەو کەسانەی هۆکار بووە بۆ هێنانی تیمی یونسکۆ بۆ کوردستان کە دەرئەنجامەکەی تۆمارکردنی قەڵای هەولێر بوو لە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکاندا. هەروەها شیعر و مۆسیقاکانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیهانی وەک فەڕەنسی و ئینگلیزی وەرگێڕدراون.


لە ڕووی ئەکادیمییەوە، ئەو دەرچووی پەیمانگای باڵای هونەرە لە سوید و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە شوێنەوارناسی لە زانکۆی ستۆکهۆڵم. دواتر لە ڕووسیا درێژەی بە خوێندن داوە و پلەی دکتۆرای لە بواری کولتوور و شوێنەوار لە زانکۆی سانکتپیتەربورگ بەدەستهێناوە. لەوێشدا توانیویەتی چەندین پارچە مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی بە شێوازێکی مۆدێرن تۆمار بکات و وەک سەرۆکی کۆنگرەی هونەرمەندانی کورد لە ئەورووپاش هەڵبژێردراوە.


وەک هونەرمەندێکی خاوەن هەڵوێست، هەمیشە لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بەرگری لە پرسی کورد کردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی نیشتمانییە. ئەو بە نووسینی دوو کتێب بە زمانی سویدی لەسەر شوێنەوارەکانی کرماشان و نیاندەرتاڵەکان لە کوردستان، سەلماندوویەتی کە هونەر و زانست لای ئەو تەواوکەری یەکترین بۆ ناساندنی ناسنامەی نەتەوەیی بە جیهانی

دەرەوە.


سەرچاوە: ئەرشیفی کار و ژیاننامەی هونەرمەند خالید ڕەشید.


PM:08:12:20/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل