پەروین مستەفا ئەحمەد؛ کچەزاکەی پیرەمێرد و ئەو خانمەی تەمەنێکی بۆ خزمەتی زانست و وشە تەرخان کرد
وێستگە ستایل-
پەروین مستەفا ئەحمەد؛ کچەزاکەی پیرەمێرد و ئەو خانمەی تەمەنێکی بۆ خزمەتی زانست و وشە تەرخان کرد
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
پەروین مستەفا ئەحمەد، یەکێکە لە ژنە پێشەنگ و ڕووناکبیرەکانی باشووری کوردستان، کە وەک مامۆستا و نووسەرێکی کارامە، ژیانی خۆی بۆ پەروەردەکردنی نەوەکان و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی تەرخان کرد و شوێنپەنجەی لە مێژووی ئەدەبی و پەروەردەییدا بە ڕوونی دیارە.
ئەم خانمە ڕۆشنبیرە لە ١١ی ئازاری ١٩٢٨ لە شاری سلێمانی چاوی بە ژیان هەڵهێناوە، ئەو کچەزای شاعیری گەورەی کورد "پیرەمێرد"ە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی بڕیوە و دواتر لە ساڵی ١٩٥١دا، وەک یەکێک لە کچە خوێندەوارە دەگمەنەکانی ئەو سەردەمە، خانەی بەرزی مامۆستایانی لە بەغدا تەواو کردووە.
پەروین خان لە ساڵی ١٩٥٣دا ژیانی هاوسەری لەگەڵ "شێخ عەبدولسەمەد خانەقا" پێکهێناوە و بوونەتە خاوەنی پێنج منداڵ بە ناوەکانی (ژوان، پەیمان، ژین، ئایین و شیلان). بەهۆی پیشەی هاوسەرەکەیەوە کە دادوەر بووە، لە زۆرێک لە شارەکانی وەک کەرکووک، بەغدا و هەولێر نیشتەجێ بووە و لە هەموو ئەو وێستگانەشدا بەردەوام بووە لە وانەگوتنەوە، تا دواجار گەڕاوەتەوە سلێمانی و لە ساڵی ١٩٨٢دا خانەنشین بووە.
لە پاڵ کاری پەروەردەیدا، ئەم خانمە دەستێکی باڵای لە نووسیندا هەبووە. بابەت و نووسینەکانی لە گۆڤارە پڕ بایەخەکانی وەک "گەلاوێژ" و "نزار"دا بڵاوکراونەتەوە، ئەمەش دەریدەخات کە ئەو نەک هەر مامۆستایەک، بەڵکو قەڵەمێکی بوێر و خاوەن دیدگایەکی فراوان بووە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا.
لە ساڵی ١٩٩٦دا، بەرەو وڵاتی ئەمریکا کۆچی کرد و لەگەڵ "ژوان"ی کچیدا لەوێ نیشتەجێ بوو. تا دواجار لە ڕێکەوتی ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٨، بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی (ڕۆزلاون) لە شاری لیڤەرمۆری ویلایەتی کالیفۆڕنیا بۆ هەمیشە بە خاک سپێردرا.
سەرچاوەکان: گۆڤاری نزار و گۆڤاری گەلاوێژ (ئامادەکردنی سدیق ساڵح، ڕەفیق ساڵح و عەبدوڵڵا زەنگەنە)، بڵاوکراوەکانی بنکەی ژین بۆ بووژاندنەوەی کەلەپووری کوردی.
PM:03:19:15/08/2026
ئهم بابهته 192
جار خوێنراوهتهوه