ماچو پیچو؛ لە شارێکی ونبووەوە بۆ یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکەی جیهان
وێستگە ستایل-
ماچو پیچو؛ لە شارێکی ونبووەوە بۆ یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکەی جیهان
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لە ساڵیادی دۆزینەوەیدا، جارێکی دیکە سەرنجەکان دەچنەوە سەر شاری "ماچو پیچو"، ئەو شوێنەوارە سحراوییەی کە بۆ سەدان ساڵ لە نێوان چیاکانی پیرۆدا بە شاراوەیی مابووەوە و وەک یەکێک لە گەورەترین دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی سەدەی بیستەم هەژمار دەکرێت.
لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ساڵی 1911، هیرمان بێنگهام، دۆزەرەوە و مێژوونووسی ئەمریکی، پەردەی لەسەر نهێنییەکانی ئەم شارە لادا. بێنگهام لە کاتی گەڕان بەدوایبپایتەختی ونبووی ئینکادا، بە هاوکاری دانیشتووانی ناوچەکە گەیشتە ئەم لووتکە بەرزە و جیهانی بەم شاکارە تەلارسازییە ئاشنا کرد کە بۆ چەندین سەدە تەنیا دارستانە
چڕەکان پاسەوانییان لێ دەکرد.
ئەم شارە دێرینە کە لە بەرزی دوو هەزار و 430 مەتر لە ئاستی دەریاوە هەڵکەوتووە، بە تەلاری بەردینی سەرنجڕاکێش و ئەندازەییەکی ورد دەورەدراوە. تاوەکو ئێستاش مەتەڵی مەبەستی ڕاستەقینەی بنیادنانی بە تەواوی چارەسەر نەکراوە؛ بەشێک لە شارەزایانی شوێنەوار بە کۆشکێکی شاهانەیی و هاوینەی پاشاکانی ئینکای دەزانن، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە پێیان وایە پێگەیەکی پیرۆزی ئایینی بووە بۆ پەرستنی خۆر.
مێژووی دروستکردنی ماچو پیچو بۆ ساڵی 1450ی زایینی دەگەڕێتەوە، واتە لە سەردەمی گەشەسەندنی ئیمپراتۆرییەتی ئینکادا. بەڵام لەگەڵ هاتنی کۆڵۆنایزەرە ئیسپانییەکان بۆ ناوچەکە، ئەم شارە بە نادیاری مایەوە و بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییە سەختەکەیەوە لە چاوی داگیرکەران پارێزراو بوو، ئەمەش وایکرد وەک شوێنێکی دەستلێنەدراو بۆ سەدان ساڵ بمێنێتەوە.
ئەمڕۆ ماچو پیچو نەک تەنیا وەک میراتییەکی جیهانی لەلایەن ڕێکخراوی یوونسکۆ ناسێنراوە، بەڵکو وەک یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرە نوێیەکەی جیهانیش دەناسرێت. ساڵانە ملیۆنان گەشتیار لە سەرانسەری جیهانەوە ڕوو لە وڵاتی پیرۆ دەکەن بۆ بینینی ئەو شکۆ و مێژووەی کە هێشتا زۆر نهێنی لە ناخیدا شاردراوەتەوە.
سەرچاوە: ئاژانسە هەواڵییەکان
PM:11:18:24/07/2026
ئهم بابهته 96
جار خوێنراوهتهوه